نالی پێنجوێنی
04/02/2026
88 جار خوێنراوەتەوە
دۆڕانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا
فەیلەسووفی فەرەنسایی (ئێمانوێل تۆد -Emmanuel Todd) لەکتێبی [La DÈFAITE DE ĽOCCIDENT- دۆڕانی ڕۆژئاوا]دا پێشبینی شکستی شارستانییەتی ڕۆژئاوا دەکات. ئەو بیرمەندە چەند ساڵێك پێش کەوتنی سۆڤیەت، پێشبینی داڕمانی بلۆکی کۆمۆنیزمی کردبوو، پێشبینیەکەی کتومت هاتەدی. ئێستەش پێشبینییە نوێیەکەی دەنگدانەوەی گەورەی لەناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لێکەوتۆتەوە، ناوەندەکانی بڕیاربەدەستی دنیا چاوەڕوانی ئەو کەوتنەو لێکەوتەو کاریگەری و مەترسییەکانی بەسەر تەواوی گۆی زەویەوە دەکەن.
ئەو شکست و داڕمانە لەدوو خاڵدا ئاماژە پێدەکەم.
یەکەم: جەنگی غەززەو هەڵوێستی ڕۆژئاوا.
جەنگی دووساڵەی غەززە، داڕمانی ئەو بەهایانە بوو کە ڕۆژئاوا لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە بنیاتی نابوو، بەردەوام وەك شانازیی و دەستکەوتی شارستانییەتەکەی باسی ئەو بەهایانەی دەکردو سنگی پێوەدەردەپەڕاند و خۆی پێوەبادەدا. لەدووساڵی جەنگی غەززەدا بەهاکانی مافی مرۆڤ، ئازادیی، ئازادیی ڕادەربڕین، پابەندبوون بەیاساوڕێساکانی جەنگ، کەوتنە ژێر پرسیارو لەسەر ئەرزی واقیع مەرگیان ڕاگەیەنراو ماسکیی ڕۆژئاواییەکان و سیستەمی لیبراڵیزمی جیهان کەوت و دەبڵمۆراڵی ڕۆژئاوا بۆ دنیادا ئاشکرابوو. یەك ساڵی حوکمڕانی خولی دووەمی دۆناڵد ترامپ، بڕیارو هەڵوێستە سەیروسەمەرەکانی، چاوچنۆکی و خودپەسەندی ئیدارەکەی، ڕووی ڕاستەقینەی سیستەمی لیبراڵیزمی ڕۆژئاوای نیشانداو لەهەموو بەهاکان ڕووتیکردەوە. ترامپ و ئەمریکای ئاڵاهەڵگرو پێشرەوی سیستەمی لیبراڵیزم، بەدەستی خۆی گۆڕی ئەو سیستەمەی هەڵکەندو لەو چەند ساڵەی کەئیدارەکەی ماویەتی دەینێژێ.
دووەم: دۆسیەکانی جێفری ئێپشتاین.
یەکێ لەو خاڵانەی کە ئێمانوێل تۆدی بیرمەند بۆ داڕمانی ڕۆژئاوا ئاماژەی پێدەدات، پشتکردنی ڕۆژئاوایە لەبەها ئایینەکان و داماڵینی شارستانییەتی ڕۆژئاوایە لەبەها ڕۆحیی و ئەخلاقییەکان.
بێگومان، شەوەسوورەکانی دوورگەی ئێپشتاین و تێوەگلانی دەسەڵاتدارەکانی سیستەمی سەرمایەداری و سەرانی قسەڕۆیشتووی ئەمریکا، هەروەها بەڕێکخراوەیی کردنی ئەو کارە ئابڕووبەرو نامرۆڤانەیەو بەکارهێنانی لەلایەن دەستگایەکی سیخوری بۆ چاوترساندن و ملکەچکردنی سیاسیی و دەسەڵاتدارەکان، تاکو پلان و نەخشەگڵاوەکانیان جێبەجێ بکەن، بێمۆراڵی سیستەمی سەرمایەداری ئاشکرا دەکات. ئاشکرابوونی ئەو دۆسیانە، ئەو زەمینلەرزەیەن کەشارستانیەتی ڕۆژئاوا هەڵدەتەکێنێت و داروپەردووی متمانەبوون بەو سیستەمە وردوخاش دەکات. سیستەمی لیبراڵیزمی ڕۆژئاوا لەبەها مرۆییە سەرەتایی و ئەخلاقییەکان ڕووتدەکاتەوە. ئەو ئابڕوچوون و کارە دڕندانەیە، هەر تەنها ستراکتۆری سیستەمە سیاسی و دەسەڵاتدارەکەی ڕۆژئاوا ناخاتە ژێرپرسیار، بەڵکو تەواوی بەهاکانی لیبراڵیزم و کەپتاڵیزم و سیستەمی کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی ڕۆژئاواش دووچاری تەریقبوونەوە دەکات و مەرگی ڕادەگەیەنێت.
پێدەچێ دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا بۆ چەندین ساڵ لەو کارە قێزەونانەوە تێوەگلاون و مێشێک مێوانیان نەبووبێت دووچاری لێپێچینەوەو سەرئێشە نەبووبن، چونکە بەلای سیستەمەکەوە ڕێپێدراوبووەو پاراستوونی. بەڵام ئەوەی لەو ناوەندەدا کەتووشی وڕبوون و وێڵی دەبێت ئەو ئایدۆلۆژیست و دەروێشانەی سیستەمی لیبراڵیزمن، کە کوێرانە بەرگری لێدەکەن و خۆیان وەك ڕۆشنبیر لەقەلەم دەدەن. وەك چۆن لەڕابردوودا ئەو نوخبەیە، ساڵانێکی زۆر دەروێشایەتیان بۆ کۆمۆنیزم دەکردو ئەو سیستەمە دڕندەیان وەک فریادڕەس و بەهەشتی سەرزەمین وێنادەکرد. هەرکەس ڕەخنەیەکی لێبگرتنایە وەك کۆنەپەرست و پیاوی ئیمپریالیزم لەقەڵەمیان دەدا. دواتر کە تاوانەکانی ستالین ئاشکرابوون و بلۆکی سۆڤیەتی قیبلەی دڵداری ئەوان، ڕووی ڕاستەقینەو دڕندەیی ئەو سیستەم و ئایدۆلۆژیایە دەرکەوت، ئەوان خێرا بایاندایەوە.
ئەمڕۆش ڕووداوەکانی نێو دوورگەی شەیتانەکانی جێفری ئێپشتاین، شارستانییەت و سیستەمی لیبراڵیزمی ڕۆژئاوای لەگشت بەها مرۆیی و ڕەوشتییەکان ڕووتداکاتەوەو مایەپووچبوون و دۆڕانی ئەو شارستانیەتە ڕادەگەیەنێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی نالی پێنجوێنی