توانا ئهمین
23/02/2026
32 جار خوێنراوەتەوە
سوێندە سەیر و جوانەکانی خودا!
(ن وَالْقَلَمِ وَمَا يَسْطُرُونَ. سوێند بە قەڵەم و بەودێڕانەش کە دەینوسێت) القَلَم: ١
دەمزانی کە خودا سوێندی بە قەڵەم خواردووە، بەڵام نەمزانیبوو، یان بەسەرمدا تێپەڕيی بوو، یان ئەو کاتەی خویندبوومەوە، (نووسین)م ئەوەندە بۆ گرنگ نەببوو، کە تێبینی ئەم خاڵە بکەم، لەپڕ بەخۆمدا هاتمەوە خۆ خودا لەگەڵ قەڵەم، سوێند بە نوسینیش دەخوات! لە قورئاندا ١١٨ جار لە ٤٤ سورەتدا سوێند هاتووە، کە ٩٥یان خودا خۆی سوێند بە شتەکان دەخوات و سوێندەکانیش زۆر زۆ جوانن. بۆ نمونە سوێند دەخوات بە زەمان و بە مەکان، بە عەسر، بە شار، بە ئاسۆ، بە سپێدە، بە مانگ، بە خۆر، بە ئەستێرەکان، بە فریشتەکان، بە مرۆڤ، بە هەنکەهەکی دەمی ئەسپ، بە میوەکان..
ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە خودا بۆی هەیە سوێند بەو شتانە بخوات کە لە خۆی بچووکترن و خۆی دروستی کردوون، بەڵام ئێمە ئەو مافەمان نییە، سوێند بە شتێک بخۆین کە خۆمان دروستمان کردووە -کەواتە ئێمە هیچمان دروست (خلق) نەکردووە، بەڵکو شتەکانمان دۆزیوەتەوە (کشف)- تەنانەت لە خوار خودا و گوتەکانی کە قورئانە مافمان نییە سوێند بە هیچ شتێک بخۆین! ئەها مەحوی سوێند بەخودا دەخوات دەڵێ ئەوەی دڵی خاڵی بێت لە عەشقی ئیلاهی و تا ئێوارە بەدەم اللە اللەش بکات، ئەوە ڕەنج بەخەسارە و تەنها وشەی دووبارە کردۆتەوە:
دڵ بۆیە خۆشی دێ لە نەخۆشی بە پڕ بەدڵ
بیمارە چاوی یار و خۆشی دێ لە دەرد و دا
بە خودا قەسەم لەگەڵ دڵی خاڵیی لە سۆزی عیشق
تەکراری حەرفە، بەس دەمی پڕ یا خودا خودا
بەڵام سوێند خۆی چییە؟
سوێند فنونی بەیانە، بریتییە لە بە شاهێد ڕاگرتنی کەسێک، شتێک، شوێنێک، بە مەبەستی جەختکردنەوە، لەکاتێکدا کەسێک هەست دەکات بەرامبەرەکەی وەکو پێویست باوەڕی پێ ناکات. مەرجی ئەم جەختکردنەوەیە ئەوەیە دەبێت سوێندەکە بە شتێک بێت کە هەردوولا باوەڕیان پێی هەبێت.
بەڵام سوێند لای خودا وانییە، چونکە بۆی گرنگ نییە باوەڕ دەکەین یان نا. بە تێگەشتنی کەموکورتی بەندە، سوێند لای خودا جگە لەوەی ڕەهەندێکی ئیستاتیکی- جوانیناسانەی هەیە، فەخرێکە بە مەخلوقاتەوە، لێرەدا سوێندی قورئان هونەرە، بەڵام هونەری دنیای ئێمە ڕەت دەکاتەوە. خودا لە قورئاندا سوێند بە (شانۆ) ناخوات، لە کاتێکدا سۆفۆکلیس نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ پێش ئیسلام شانۆی نووسیوە، شانۆ شتێکی نوێ نییە و سەردەمی دابەزینی قورئان هەبووە. هەروەها خودا سوێند بە (مۆسیقا)یش ناخوات، کە پێش ئیسلام لە مەککەدا ئاهەنگ هەبووە و مۆسیقای تێدا لێدراوە. کەچی سوێند بە قەڵەم و بە نووسین دەخوات!
دەمەوێ بڵێم وا دێتە بەرچاو لەلای خودا؛ مەرتبەی (نووسین) لە مەرتەبەی (هونەر) بڵندتربێت، یان مەقامی فیکر و ئەدەب لە مەقامی هونەر بەرزتربێت. بەمانایەکی تر ئەوانەی لەڕێگای پێنج هەستەکەوە بەرهەمیان دێنین یان پێمان دەگات، شتێک نزمتربن لەوەی عەقڵمان بەرهەمی دەهێنێت. بەکورتی کتێب بۆیە گرنگە، خودایش کتێبی هەیە، شتێک کە دەتوانرێ زانست و فەلسەفە و هونەریشی لەناودا بشاردرێتەوە و خودا خۆشی هەر وایکردووە. ئەوە ئەگەر لەیادمانبێت کتێبی ئێمە بەراورد بە کتێبی ئەو نەکراوە و ناکرێ! مادام ئەوەم گوت، ئەوە لەم شیعرە جوانەی بێخوددا دەوەستم:
سارد و گەرمی زوهد و گوناهم کە تێئەگەم
مەحرومی ئاوی کەوسەر و مەحکومی ئاتەشم
من چۆن نما ئەکەم کە وەک گیسکەکەی هەیاس
هاوشانی گورگی دێو و سەگی نەفسی سەرکەشم
ئەی ناخودای بەحری کەرەم وەختی ڕەحمە پێم
کەشتی هەموو شکاوم و دەریا لە باوەشم
من سائیلی شەفاعەت و تۆ ساحیبی مەقام
لەو خوانی نیعمەتەت بدە سا لوقمەیێ بەشم
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی توانا ئهمین