هۆشیار عه‌بدوڵا 23/11/2019 673 جار خوێنراوەتەوە

یاریەکە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە

(دەربارەی ئەوەی گوایە هەرێم نەوتەکە دەنێرێت)

هەمیشە کۆتایی ساڵ و پێش هاتنی یاسایی موازەنە بۆ پەرلەمانی عێراق بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەڵێن پابەند دەبین و نەوتەکە دەنێرین،کە موازەنە تێدەپەرێت پەشیمان دەبنەوە و ناینێرن.

ساڵی پار پێش یاسای موازەنەی ۲٠۱۹ وایانکرد،پێشترین لە ۲٠۱٥ ەوە ، هەمان شت پێش سەری ساڵ بەڵێنیان ئەدا و دوای تێپەڕبونی یاسای موازەنە بەهانەیەکیان دەدۆزیەوە تا بیکەنە پاساو و نەوتەکەیان نەدەنارد.

لە دڵەوە تەمەننا دەکەم ئەمجارە حکومەتی هەرێم بە جدی بێت و هەمان یاری ساڵانی رابردو نەبێت .

کاتیەتی نەوتەکە بنێرن و مەترسی سەر موچە و پشکی هەرێم بڕەوێننەوە و ئەرکی ئێمەش لە لیژنەی دارایی بۆ گفتوگۆکانی موازەنەی ۲٠۲٠ ئاسان بکەن.

ئەگەر گیرفانی قوڵی چەتەکانی نەوتی هەرێم رێگە بدات و هەست بە مەترسیە جدیەکانی دۆخەکە بکەن ئاسانە و دەتوانن ۲٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بنێرن، خۆ ئەگەر هێشتا تێر نەبوبن، یا دۆسێکە فرۆشرابێت و لە دەستی خۆیاندا نەمابێت، ئەوا بینەری هەمان یاری ساڵانی رابردو دەبین.

مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان بەم مۆدێلەی ئێستا بەردەوام بێت، لە رابردودا چۆن بێموچەیی و نەهامەتی سەپاند بەسەر فەرمانبەر و خەڵکی هەرێمدا،لە ئایندەدا کارەساتی گەورەتر لەگەڵ خۆیدا دێنێت کە تا نغرۆبونی کردنی هەرێم لە (قەیرانی قەرزادا) دەڕوات.

لە ئێستاوە با ڕون بێت و نەڵێن هۆشداریتان نەدا، دەست لە تاڵانکردنی نەوت و داهاتی هەرێم هەڵنەگرن، یاریەکە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا