هۆشیار عه‌بدوڵا 23/05/2022 278 جار خوێنراوەتەوە

داڤۆس لە نێوان دەرفەتی چاکسازی ئابوری و پۆزی سیاسیدا

داڤۆس شارێکی بچوکە لە سویسرا ساڵانە کۆبونەوەی کۆڕبەندی ئابوری جیهانی تێدا ساز دەکرێ.

کۆڕبەندی داڤۆس رێکخراوێکی نا حکومی قازانج نەویستە، بارەگاکەی لە ژنێفە لە سویسرا، ساڵی ۱۹۷۱ لە لایەن زانا و پۆفیسۆرێکی بواری ئابوری بەناوی ( کلاوس شواب)ەوە دامەزراوە،کە خۆشی سەرۆکی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی کۆڕبەندەکەیە.
کۆبونەوەی ساڵانەی داڤۆس پێنج رۆژ دەخایەنێ، ۲٥٠٠ کەس لە ۱٠٠ وڵاتی دونیاوە بەشداری تێدا دەکەن.

ئەو کۆڕبەندە زیاتر بۆ کۆمپانیا زبەلاحە فرە رەگەزەکان و کەسایەتییە سیاسیەکانی دونیا سازدەکرێت بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە کێشە ئابورییەکانی دونیا و هەوڵدان بۆ گەڵاڵەکردنی ئەجێندای جیهانی و ئیقلیمی بواری ئابوری، ژینگە و چەند بوارێکی تر.

بێگومان بەشداریکردن و ئیشتراک لەو کۆڕبەندە بە پارەیە، ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێ ببنە ئەندام لە کۆڕبەندی داڤۆس نابێ داهاتی ساڵانەیان لە ملیارێک دۆلار کەمتر بێ.

لەوەتەی بەرپرسانی کورد بەشداری تێدا دەکەن رەنگە داڤۆس ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار کەوتبێ لەسەر هەرێمی کوردستان بێ ئەوەی بچوکترین جوڵە و چاکسازی و گۆڕانکاری لە ئابوری هەرێمدا ڕویدابێت.

عادەتەن ئەو کۆمپانیا و کەسایەتیە سیاسیانەی لە ئاستی دونیادا بەشداری داڤۆس دەکەن مەبەستیانە سود لە دەرفەت و راسپاردە و تێگەشتنە نوێکان بە تایبەتی لە بواری ئابوری ببینن، بەرپرسانی کورد زیاتر وەک پۆز و فشەی سیاسیی بەشدار دەبن بە بەڵگەی ئەوەی ساڵانە دۆخی ئابوری هەرێمەکە لە بری گۆڕان و چاکسازی خراپتر دەبێ.

لەوەتەی بەرپرسەکانی هەرێم بە شیک و پۆشتەیی دەڕۆنە داڤۆس هەرێم زیاتر نغرۆی قەرز بوە و بۆ نمونە تەوەرە گرنگ و گەرمەکانی ئەو کۆڕبەندە وەبەرهێنانی ئابوری و سەرمایەگوزارییە لە بوارە زیندوەکاندا، کەچی کێشەی گەورەی مەسرور بارزانی ئەوەیە ناتوانێ موچەی حکومەتەکەی بە رێک و پێکی بدا.

دروست لەو کاتەدا کە مەسرور بارزانی لە داڤۆسە و باسی پێشکەوتنی ئابوری و چاکسازی ئیداری دەکا، خانەنشینێک لەو هەرێمەدا کەو ئەو سەرۆکایەتی حکومەتەکەی دەکا لە سەرەی وەرگرتنی شایستەیەکی کەمی مانگانەدا گیان لەدەست دەدات و تێکڕای فەرمانبەرەکانیشی دڵنیا نین لەوەی مانگانە چەند رۆژ موچەکانیان دوا دەکەوێ!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا