سه‌ركۆ ئازاد گه‌ڵاڵی 05/02/2020 1070 جار خوێنراوەتەوە

بەڕێز سەرۆکی حکومەت ١٠٠ پڕۆژە تەواو نەکراوەکەی پارێزگای ھەڵەبجەت لە یادە؟؟

سه‌ركۆ ئازاد گه‌ڵاڵی

لەدوای ڕاپەرین و کۆڕەو و و ئازادکردنی کوردستان و ڕوخانی ڕژێمی سەدامی گۆڕ بەگۆڕەوە، یەکێکە لە ناوچە مەنکوب بێ خزمەت گوزاریی لە ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەڵەبجەیە، بە تایبەت دوای ئەوەی حكومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری بەپارێزگاربونی بۆ دەرکرد لە رێکەوتی ١٣/٣/٢٠١٤ وە دواتر فەرمانی ھەرێمی لە ١٦/٣/٢٠١٤ بۆ پارێزگایی ھەڵەبجە دەرچوو ئیتر لەو کاتەوە کار بۆ بە سەرپێ خستنی ئەو پارێزگایە دەکرێت بۆیە وەک ھاوڵاتییەکی ھەڵەبجە نامانەوێیت تەنھا وەک قوربانیەک و برینێکی بێ کۆتا حکومەت و سیستەمی سیاسی ئەم ھەرێمە ئێمەی لە یاد بێت و لێمان بڕوانێیت بەڵکو وەک شارێک ئاوڕمان لێبداتەوە نەک بە شێوازی قەزایەک مامەڵەمان لەگەلدا بکرێت چونکە ھەڵەبجە پێش سەدە و نیوێک قەزا بووە کە دەکاتە ساڵی ١٨٨٩،
ھاوڵاتیانی ئەم شارە بریندارە ئاواته‌خواز بوون ئەم بڕیار و فەرمانانە بەشێک لە برینی جەستەیان ساڕێژ بكات.
بەڵام تا ئێستا لەلایەن حکومەتی یەکگرتووی ھەرێمی کوردستانەوە وەک قەزایەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت لە دوای دەستبەکاربونی کابینەیی نوێ حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای ٧ مانگ سەرۆکی حکومەت بڕی ٥٠٠ ملیون دیناری بۆ ئەو پارێزگایە کە قەزایەک و چوار ناحیەی تەرخانکرد بۆ ساڵێک بەڵام تا ئێستا خەرج نەکراوە لە کاتێکدا بڕی 18 ملیار دینار بۆتەواوکردنی توونێلی سەلاحەدین تەرخانکراوە ئەمە جیاوازی گەیاندنی خزمەتگوزاری ناوچەیی نەبێت چیتر ھەڵدەگرێت بەڕێز سەرۆکی حکومەت!!
چەندین ساڵە خەڵکی ئەم شارە داوای دروستکردنی پردەکانی تەنگی سەید محه‌ممه‌د و بەتایبەت دروستکردنی (پردی تووەقوت) کە پارێزگای ھەڵەبجە دەبەستێتەوە بە ھەردوو قەزای دەربەندیخان و شارەزوور، و بەمەش ھاتوچۆ وئاڵوگۆڕیی بازرگانی لە نێوان ھەڵەبجە وئیدارەی گەرمیان ئاسان دەکات، کە ڕەزامەندی بۆ دابینکردنی بوودجەی پێویست بە بڕی ٨ ملیار و ٤٥٠ ملیۆن دینار بۆ دەرچووە بەڵام تا ئێستا لەسەر کاغەزە، بەڵام بۆ شاری خۆشەویستی دھۆک زیاتر لە 34 ملیار دینار ئەندەرپاس لە بەرانبەر مزگەوتی شەهیدان بە درێژایی 1كم و شەشسەد مەتر لەم وەرزی سەرما و سۆڵەیه‌دا جێبەجێ دەكرێت ئەم نادادی کارگێڕی و نایەکسانی نەبێت چیە بەڕێز سەرۆکی حکومەت.
ئایە دەزانیت بەھۆی قەیرانی دارایەوە زیاتر لە ١٠٠ پڕۆژەی ئەو شارە ڕاگیراوە تا ئێستا دەست نەکراوەتەوە بەگەڕخستنەوەی ئەی ئەم مامەڵەیە چی ناودەنرێیت!!!
ئایە دەزانیت تا ئێستا حکومەت ئاڕاستەی کارکردنی ڕوو لە وەبەرھێنان و پڕۆژەی نیشتەجێبون نیە لەم شارە؟
بۆ دەرخستنی ئەم ڕاستیە تا ئێستا بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرھێنان لێرە بونی نیە.
تەنھا ھەشت بەڕێوبەرایەتی گشتی لەم شارە ھەیە ھەر ھەمویان بە وەکالەت دەبرێت بەڕێوە، ئایە ئەم سیاسەتی تەھمیش نیە لە لایەن ھەولێرەوە پەیڕەودەکرێت!!!!
ھەموومان دەزانین جگە لە کیمیاباران ھاوڵاتیانی ھەڵەبجە ئەنفال کراون و زیندانی کراوان لە نوگرە سەلمان تا ئێستا بەرێوبەرایەتی گشتی زیندانیان نیە!!
وە زیاد لە ھەزار ھاوڵاتی ھەڵه‌بجە پێناسی مووچە و مینحەی بۆ کراوە لە ساڵی ٢٠١٣ پێناسەکانیان وەرگرتۆتەوە بەڵام تا ئێستا یەک مینحە و موچەیان وەرنەگرتوە، خۆ نە شەڕی داعش ماوە نە قەیرانی دارایی بەڵام بۆ کاری پێ ناکرێت؟ ئەمه‌ ڕێزگرتنە لە قوربانیانی ئەم شارە!!!!
لە ساڵی ٢٠١٨ ھاوڵاتیانی زیندانی نوگرە سەلمان و ئەنفالکراوانی ھەڵەبجە فەرمانی وەرگرتنی زەویان بۆ دەرچووە بەڵام وەزاره‌تی شارەوانی رایگرتووە، تاکەی ئەم چەوساندەنەوە و چاوەڕوانیەی خەڵکی ئەم شارە ھەڵناگرن؟ کە سەرچاوەکەی پایتەختە!!!
بە بریاری ژمارە ٢٣ پەرلەمانی کوردستان ئەم شارە بە پایتەختی ئاشتی ھەرێمی کوردستانە لە بڕگەی دووەم بڕیارەکە ھاتووە کە دەبێت حکومەت بودجەیەکی ساڵانە بۆ ئەم مەبەستە دیاری بکات وەک ٢٠ ملیار دینارەکەی بۆ پایتەختی ڕۆشنبیری خەرجکراوە لە سلێمانی و ٥ ملیار بۆ پایتەختی گەشتیاری ھەولێر خەرجکراوە بەڵام نەک پارەکە دیار نیە بەڵکو کۆنفرانس و کۆڕ و سیمنار و مەراسیمی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و پەیامی پێکەوەژیان لەم شارە ساز ناکرێت!!!
نامەوێت لێرە باسی کتێبخانەی گشتی و پارک و مۆزەخانە و ھتد کە پێوستن لە شار ھەبن بەڵام لێرەنین، بكه‌م.
وا دیسان وەزاره‌تی شەھیدان ئامادەسازی دەکات بۆ یادکردنەوی کارەساتی ھەڵەبجە بەڵام لە یاریگایەک نەک ھۆڵێکی بۆنەی شایستە بەم شارە.
حکومەتی ھەولێر لە ڕۆژژمێری خۆیدا تەنھا جارێک ناوی دەبات ئەویش بۆ یادکردنەوە و کولاندنەوەی برینەکه‌ی، نەک بە پڕۆژە و پلانی ستراتیجی!! ئایە دەزانن خەڵکی ئەم شارە گوێکانی سیخناخ بووە بە بەڵێن؟ لە کاتێکدا تا ئێستا کەیسی مناڵانی وونبوی ھەڵەبجە بە کراوه‌یی ماوتەوە ھەموو ڕۆژێکی ساڵ چاوەڕێی ھاتنەوەی جگەرگۆشەکانیانن؟
نازانم باسی کام خەمی ھەڵه‌بجە بکەم؟
پرسیاری ئەوە بکەین وەک خەڵکی ھەڵەبجە لە دانیشتنەکانتان لەگەڵ بەغداد چ کەیسێکی ھەڵەبجەتان لە بەردەست بوو بۆ گفتوگۆگردن؟؟ داکۆکیتان لە ناساندنی نۆزدەھەمین شاری عێراق کرد یان جێکردنەوەی لە بودجەی سالی ٢٠٢٠
یان نەخشەی کۆتای ئەم شارەتان ڕادەست کرد؟؟
ئەو شارەی زیاتر لە ١١٠ سەد و دە کیلۆمەتر سنوری بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھەیە بەڵام تا ئێستا ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکانی ھەر دوو مەرزی پشتە و شوشمێ لەسنوری نێودەوڵەتی تەواو نەبوون لە لایەن عێراقەوە بەڵام له‌ لایان کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھیچ کێشەیکیان نەماوە ئایە کارتان لەسەر ئەم کەیسە کرد لە گفتوگۆکانتان لەگەڵ بەغداد کە ھەمووان دەزانن دوایی تەواوبونی چ سودێکی ئابوری دەگەیەنێت بەم شارە؟
یان باسی ئەو نادادپەروەریەی کە لە سەدا ٪‏٢ پەره‌پێدانی پارێزگاکان بۆ ئەم شارە دانراوە!!
بۆیە وەک ھاوڵاتیەکی سادە و نوێنەری ئەو شارە داواکارین ڕونکردنەوەمان بدەنێ لە سەر پەراوێز خستن و نەگەیاندنی خزمەتگوزاری گشتی و مامەڵەنەکردنی وەک شار لە ئەرزی واقیعدا نەک تەنھا لەسەر کاغەز و دروشم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا