سه‌ركۆ ئازاد گه‌ڵاڵی 26/09/2020 720 جار خوێنراوەتەوە

ئابڕووچونێکی تر لە نێوان وەزارەتی سامانەسروشتیەکان و کۆمپانیای کار گروپدا

سه‌ركۆ ئازاد گه‌ڵاڵی

حكومەتی هەرێم بڕی ٥٢٤ ملیۆن دۆلاری بۆ كۆمپانیای كار گروپ خەرج دەكات، كە كۆمپانیاكە تەنها لە پاڵاوتنی نەوتدا ٤ ملیارو ٩٦٤ ملیۆن دۆلاری قازانجكردووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پێدانی لە سەدا سەدی ٪١٠٠ پشکەکانی کێڵگەی خورمەڵە بە کار گروپ بۆ ئەوەی پەرەپێدان و گەشه‌پێدان و وەبەرهێنان و دەرهێنانی کرود و پاڵاوتن و فرۆشتنی نەوتی تێدا بکات ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان.

بەڵام لە ئابڕووچونێکی بێ وێنەدا حکومەتی هەرێم لە ماوەکانی پێشودا بڕی ٥٢٤.٠٠٠،٠٠٠ پێنج سەد و بیست و چوار ملیۆن دۆلار دەدات بە کار گروپ بۆ پەرەپێدان و گەشە پێدان لە کێڵگەی خورمەڵە لە هیچ یاسایەکدا نیە کە کێڵگەیەک بدەیت بە پشکی لە سەدا سەد بە کۆمپانیایەکی بواری نەوت حکومەت بێت و پارەیەکی وا زەبەلاح بدات بە کۆمپانیاکە بەڵام ئەمە ڕویدا لە هەرێمی کوردستان، بۆ بەرقەرار کردنی شەفافیەت و چاکسازی لە بواری نەوت دا هەر لایەنێک دەیەوێت بەدواداچوون بکات بۆ ئەم ئابڕووچون و بەهەدەردانە من ئامادەم هەموو بەڵگەکان لە ناو قاعەی پەرلەمان لە بەرچاوی خەڵکی کوردستانەوە ڕادەستی بکەم.

جگە لەم ئابڕووچونە لێرەوە تیشک دەخەینە سەر داهاتی پاڵاوگەی کەلەک بۆ ئەوەی هەموو لایەک بزانێت تەنها لە ڕیگەی ئەم پاڵاوگەیەوە کار گروپ چەند ملیار دۆلاری قازانج کردەوە لە وەزارەتی سامانەسروشتیەکانی هەرێمی کوردستان.

کاتێک کۆمپانیای کار گروپ پاڵاوگەی کەلک (خەبات) دروست دەکات، وەزارەتی سامانەسروشتیەکان گرێبەستێکی کرد لەگەڵ کار گروپ بۆ پاڵاوتنی نەوتی خام بۆ دروست کردنی مشتقاتی نەوتی وەک بەنزین و گازویل و نەوتی سپی و نەفتا ..هتد، بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت وەزارەتی سامانەسروشتیەکان بڕی ١٧ دۆلار دەدات بە کار گروپ.

ئەمە لەکاتێکدا کار گروپ لەگەڵ وەزاره‌تی نەوتی عێراق گرێبەستی کردووە بۆ پاڵاوتنی یەک بەرمیل نەوت بە ١٠ دۆلار.

بە چەند قۆناخێک بە بڕی جیاواز و کاتی جیاواز داهاتی پاڵاوگەکە بەم شێوەی لای خوارەوە ڕووندەکەینەوە:-

قۆناخی یەکەم
لەسەرتای دەست بەکاربونی پاڵاوگەیی کار گروپ توانایی پاڵاوتنی ٢٠،٠٠٠ بیست هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، گرێبەستەکەی لەگەڵ وەزارەتی سامانەسروشتیەکان دەستی پێکرد لە مانگی ٧ ی ساڵی ٢٠٠٩ بۆ سەره‌تای ساڵی ٢٠١٠.

قۆناخی دووەم
بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی سامانەسروشتیەکان کار گروپ توانای پاڵاوگەی کەلەکی بەرزکردۆتەوە بۆ ٤٠،٠٠٠ چل هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠ بۆ ساڵی ٢٠١٢ لە ڕۆژیکدا بڕی ٤٠،٠٠٠ هەزار بەرمیلی پاڵاوتوە.

قۆناخی سێیەم /
کار گروپ بەردەوام بووە لە بەرزکردنەوە ئاستی پاڵاوتن لە سەره‌تای ساڵی ٢٠١٢ بۆ ساڵی ٢٠١٤ ڕێژەی پاڵاوتنی بۆ هەشتا هەزار بەرمیل لە ڕۆژیکدا.

قۆناخی چوارەم /
لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دەست پێدەکات کە بەرهەمهێنانی پاڵاوتن بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز دەبیتەوە بۆ سەد و هەشتا هەزار بەڵام سەد هەزاری بۆ حکومەتی هەرێم پاڵاوتووە، ئەو بڕەی تر بۆ پاڵاوتن بووە لە کێڵگەکانی کەرکوک.
بەڵام بە هۆی قەیرانی دارای و هەندێ کێشەوە ناردنی پاڵاوتن لە ساڵی ٢٠١٧ وەستا.

قۆناخی پێنجەم /
ئەم قۆناخە پشتی بە کۆتا ڕاپۆرتی دیلۆیتی ساڵی ٢٠١٩ بەستووە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە بۆ پاڵاوتنی ٨.٧٣٧،٤٤٤ هەشت ملیۆن و حەوسەد و سی و حەوت هەزار و چوار سەد و چل و چوار بەرمیل بووە، داهاتەکەی دەکاتە ١٨٦،٦٢٩،٣٥٥ سەد و هەشتا و شەش ملیۆن و شەش سەد و بیست و نۆ هەزار و سێ سەد و پەنجاو پێنج دۆلار بووە.

کۆی گشتی داهاتی بەدەست هاتوو و قازانجی کار گروپ لە پاڵاوتنی نەوت لەو ساڵانەی ئاماژەم پێکرد کە بە پینج قۆناخ ڕوونم کردۆتەوە بریتیە بوە لە (٤،٩٦٤،٠٠٠،٠٠٠ ) چوار ملیار و نۆسەد و شەست و چوار ملیۆن دۆلار بووه‌، لێرەوە دەبینین بەم جۆرە گرێبەستانە حکومەت دادۆشراوە بۆ کۆمپانیەکی حیزبی ناوخۆی لە بواری نەوتدا، ڕوون دەبێتەوە سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ تەنها بۆ قازانجکردن و دەوڵەمەند کردنی کۆمپانیا حیزبیەکانە نەک ئامانج بۆ زیاد کردنی داهاتی حکومەت و ژیانێکی شایستە بێت بەڵکو لە واقیعدا دەبینین پارەی زەبەلاح بۆ کۆمپانیای حیزبی هەیە بەڵام مووچەی مووچەخۆران نیە.

لێرەدا باسی ئەوە ناکەین کە بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە لە خورمەڵە ١٧٠،٠٠٠ سەد و حەفتا هەزار بەرمیلە لەم دەرهێنانە چەندی دەست دەکەویت و چەند پارە لە خزمەتگوزاری وەردەگریت.

یەكێکی تر لە گەندەڵیەکانی پاڵاوتنی نەوت ئەوەیە دوای پاڵاوتن کە دەبوو ئەو بەرهەمە نەوتیانەی وەک گازویل و نەوتی سپی و دیزل و بەنزین و کیرۆسین و نەوتی ڕەشی پاشماوە، دەبوایە بدرایتەوە بۆ حکومەت بەڵام لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە بازرگانی دەفرۆشریت هەر پێ دەڵین نەوت و بەنزینی کار گروپ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا