زانا عهبدولرهحمان
22/02/2020
1165 جار خوێنراوەتەوە
"دەمامك مەكڕن"
زانا عهبدولرهحمان
سەربازێكی بریندار پێش گیاندەرچوونی دەڵێت ”یەكێك لە دیوە جوانەكانی جەنگ ئەوەیە منالەكان مەرگی دایك و باوكیان نابینن پێش ئەوان دونیا بەجێدەهێڵن”.
من لە دوو رۆژە بیر لە پڕۆسەی باوكایەتی و دایكایەتی ئەكەمەوە ئەو وابەستە بوون و گرێدراوییە چیە، كە هەمیشە باوك و دایكەكان دوعا ئەكەن مەرگی مناڵەكانیان نەبینن و مناڵەكانیش دوعا ئەكەن مەرگی دایك و باوكیان نەبینن.
بۆیە لەو خاڵەدا مرۆڤ ئەیەوێت مەرگی پێش مەرگی ئەوانی تر بكەوێت.
ئەمڕۆ كە هەموومان لەبەردەم جەنگی ڤایرۆسێكین كە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی ئەكات، بەڵام لەبەردەم تاقیكردنەوەی رەوشت و ئاكار و خۆراگری و هاوكاری یەكتریشین.
ئەتوانین چی بۆ یەكتری بكەین؟ چۆن لە پێناو یەكتری قوربانی ئەدەین؟ كوردبوون و موسڵمان بوون و مرۆڤ بوونمان چیمان پێ ئەكات بۆ یەكتری وا ئەكات لە پێناو یەكتری بمرین؟ یان بەدیار مەرگی یەكەوە خەریكی بازرگانی و خۆپەرستی ئەبین؟
بەداخەوە هەندێك بازرگان بە مەرامی دەست كەوتنی پارەی زیاتر خەریكی بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاستن.
بۆ ئەوەی بازاڕی فرۆشتنی دەمامك گەرم بكەن ئەمانە هەر ئەوانەن كە لە نەوەدەكان پەتاتەی كوڵاویان بۆ ئەخستینە تەنەكەی رۆنەوە بە حسابی رۆن پێیان ئەفرۆشتین.
بەڵام ئێوەش هەر ئەو گەلەن لەترسی ڕشتنی كیمیایی ڕژێمی پێشوو دەمامكتان دروست ئەكرد، بۆ ئەوەی خۆتان و مناڵەكانتان بپارێزین، بۆیە ئەمڕۆش ئەوە بكەن خۆتان لە ماڵەوە دەمامك دروست بكەن بە پەرۆی خامی پاك ئەوەی بازاڕ و بارزگانە كوردەكان هێناویانە دڵنیابن ئەوەندە كوالێتی خراپە و لە چینەوە هاتووە، دوور نییە هەر ئەو دەمامكە تووشی ڤایرۆسەكەتان بكات، بۆیە تكایە مەیكڕن ئەوە هی تۆز و خۆڵە نەك رێگركردن لە ڤایرۆس.
خوشك وبراكانم..
مردن شتێكی حەتمییە هەردێت جا زوو یان درەنگ باوەڕتان بەخودا هەبێت و لە ماڵی خۆتانەوە رووبەرووبنەوە..
مەترسن، ئامادەبن، هاوكاری یەكتربكەن، ئەوەی خودا ویستی لەسەر نەبێت نابێت..
خودا ئاگایی لە هەموومان بێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی زانا عهبدولرهحمان