دانا دارا
06/10/2020
634 جار خوێنراوەتەوە
نایاسایی لە بڕیارەكەی وەزارەتی ڕۆشنبیری دا
وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێم فەرمانێكی وەزاری
بە واژوی وەزیر بە ژمارە 4/1/3077 لە ڕێكەوتی 24/9/2020 دەركردوە كە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە
گشتیەكان و چاپ خانە حكومی و ئەهلیەكان پابەند دەكات كە پێدانی ژمارەی سپاردن بە هەر
كتێبێك پێویستە لەلایەن لیژنەیەكی شارەزای ئەو بوارە لە بەڕێوەیەرایەتیەكە و پێداچونەوە
و هەڵسەنگاندن بۆ كتێبەكان بكرێت وە دواتر ژمارەی سپاردنی پێ بدرێت .
ئەوەی جێ ی باس بێت لە ڕوی یاسایی و لۆجیكیەوە
لەبەر ئەو هۆكارانەی خوارەوە كە ئاماژەیان پێ دەدەین فەرمانەكە نایاساییە و پێویستە
لەلایەن خودی وەزارەتەوە پوچەڵ بكرێتەوە :
1-پێداچونەوە بە پرسی ژمارەی سپاردن خۆی لەخۆیدا كارێكی باشە و ناكرێت بڵیین كە هیچ بەرهەمێكی چاپ كراو – كتێب و ئەوانی تر بە هەر زمان و شێوە زار و دیزاینێك – نابێت ڕەچاوی چوارچێوەیەك بكات و جۆرێك پابەندی نەبێت .
2-خودی ژمارەی سپاردن بۆ چاودێری نیە لەسەر كتێب و بەرهەمەكان وەك ئەوەی لەسەردەمی بەعسدا هەبوو ,بەشێوەیەك هیچ بەرهەمێك بواری لەدایك بونی نەبوو ئەگەر وەزارەتی ڕۆشنبیری بەعس مۆری (موافق)ی لەسەر دانەنایە !!
3-زانراوە كە ژمارەی سپاردن لەسەر كتێبی چاپ كراو تەنها بۆ ناسینەوەی كتێب و كۆكردنەوەی ئاماری فەرهەنگی و سەرژمێری فەڕمیە لە وڵات دا , چونكە ژمارەی سپاردن لە هەموو جیهاندا یەك سیستمی هەیە و بۆ تۆماركردنە , وە ئەم تۆمارە هیچ لە نرخ و ناوەڕۆكی كتێبەكە ناباتە سەرەوە .
كەواتە لە توندكردنی بەخشینی ژمارەی سپاردن ئەگەری
زۆر هەیە كە كارەساتی ڕۆشنبیری زیاتر لە كایەی نوسین و مەعریفەدا بخولقێنێت و لەدایك
بونی كتێبی گرنگ ببێت بە مەحاڵ !!
4-نوسراوە فەرمیەكەی وەزارەتی ڕۆشنبیری پشتی بە ڕێنمایی ژمارە 6ی ساڵی 1999 بەستوە كە وەزارەتی ناوبراو دەریكردوە, لەكاتێكدا ڕێنماییەكەی وەزارەت پێچەوانیە لەگەڵ هەریەك لە :
- ماددەی دووەم لەیاسای
چاپەمەنی هەرێمی كوردستان ژمارە 10ی ساڵی 1993 كە هاتوە (چاودێری لە هەرێم دا ناخرێتە
سەر چاپەمەنی و هەر هاوڵاتیەك سەربەستە لە دەركردنی هەر چاپەمەنیەكدا بەپێی حوكمەكانی
ئەم یاسایە ) .
- ماددەی هەشتەم لە
هەمان یاسای ئاماژە بۆكراو كە تیایدا هاتوە ژمارەی سپاردن مەبەست لێی چاودێری كردن
نییە .
- بڕگەی دووەم لە
ماددەی 38 لە دەستوری كۆماری عێراق ساڵی 2005 كە هاتوە ( دەوڵەت دەستەبەری ئازادی ڕۆژنامەگەری
و چاپ كردن و ڕاگەیاندن و بڵاوكردنەوە دەكات ) .
كەواتە فەرمانێك پشت بەستوو بە ڕێنماییەك كە پێچەوانەی
هەریەك لە یاسا و دەستور بێت لەسەر بناغەیەكی بەتاڵ بیناكراوە و هەر كارێكیش بناغەكەی
بەتاڵ بێت ئەویش بەتاڵە !
5-ئەمە و فەرمانەكە وێڕای ئەوانەی كە باس كران هەڵەی ڕێنوسی و زمانەوانی تێدایە , كە پێویست دەكات نوسراوی فەرمی پێش بڵاوكردنەوەی لەلایەن شارەزایانەوە پاك نوس بكرێت .
كەواتە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم نوسراوە بكەین ؟
1-لیژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگای مەدەنی پەڕلەمان لەسەر ئەم نوسراوە بوەستێت و بە نایاسایی بناسێنێت و ئاڕاستەی خودی وەزارەتی بكات .
2-ئەركی فەرمانگەی داواكاری گشتیە كە بەپێی دەسەڵاتەكانی خۆی و پشت بەست بە ئەركی (الطعن لمصلحة القانون ) تانە لە بڕیارەكە بدات و بە نایاسایی بسەلمێنێت.
هەروەها دادگای كارگێڕیش لە هەرێم
بۆ هەر داوایەك كە بێتە بەردەستی , دەتوانێت وەك بابەتێكی تانە لێدراو بڕیاربدات بە
هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەكە و بەپوچەڵ (باطل) دانانی لەڕوی یاساییەوە .
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی دانا دارا