دانا دارا 01/03/2023 244 جار خوێنراوەتەوە

دەست لەکارکێشانەوە و پڕکردنەوەی کورسی پەرلەمانیدانا

 دارا حسین
  سەبارەت بەو پرسە ھەنوکەییەی، کە دۆخی یاسایی ئەندامی پەرلەمانی دەست لەکار کێشاوە و ھەوڵەکانی پڕکردنەوەی کورسییەکەی ھەیە، لە دیوێکی ترەوە ئەم ڕایەش ھەیە بۆ زانیاریتان:

١ـ لەڕووی پڕنسیپەوە، مافی ئەندامە دەست لەکاربکێشێتەوە، ئەگەرچی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستە ئەو ئیرادەیەی ئەندام بە نووسراو بێت و بخرێتە دەنگدانەوە، کە لە عێراق دا وا نییەو تەنھا قەبوڵ یان ڕەدکردنەوەی لەدەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە و ڕەزامەندی زۆرینەی ئەندامانی ناوێت، ھەروەھا ھەر ھەمان کورسی دوای چۆڵبوونی پێویستە وەک ئەرکێکی یاسایی پڕ بکرێتەوە، ئەمەش بەپێی ڕیزبەندی ھەمان لیست کە ئەندامەکەی دەڕوات و بەڕەچاوی ڕێژەی ھەردوو ڕەگەزەکە.

٢ـ بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەش بزانرێت کە پەرلەمان لە ماوەی یاسایی و تەمەنی تەقویمی خوێدا نییە، تا مامەڵەی ئەرکەکانی وەک ئەو کاتە یاساییە بێت و زۆر بە خێرایی لەکاتی چۆڵبوون دا مافی پڕ کردنەوە بەکار بھێنرێت، چونکە خولەکە خۆی بۆ چەند مانگێک درێژ کراوەتەوە و لە ئەستۆی دایە ئەرکە سەرەکیەکە کە ڕەخساندنی ژینگەی ھەڵبژاردنە ساز بکات.

٣ـ ئەم جۆرە مامەڵە کردنە لەگەڵ دوای دەست لەکارکێشانەوە، یەکێکە لە خراپییەکانی  درێژکردنەوەی خول و بەردەوامی دان بەتەمەنی خۆت کە خودا دەزانێت عاقیبەتەکەی چۆن دەبێت.

٤ـ کەواتە ڕێکاری پڕکردنەوە یاساییە، بەڵام لۆژیکی نییە، بەتایبەت بۆ ئەو لیستانەی کە لە قەوارەیەکی سیاسین، یان نزیک لەیەک ھاتوون و خاوەنی پڕۆژەن، نەک تەنھا وەزیفەیەک و وەرگرتنی ناونیشان یان ئیمتیازەکانی.

٥ـ  ئەم ھەڵوێستەی فراکسیۆنێکی پەرلەمانی، کە لەھەمان قەوارە و لیستە بەدەست لەکارکێشانەوە ھەڵوێستی لایەنەکەیە، کەواتە چۆن دەبێت لەھەمان لیست ڕەوایەتی بۆ کەسی جێگرەوە ھەبێت.

٦ـ  ھەمیشە تۆمارکردنی ھەڵوێست و شکۆ و سومعەی کەسی بۆ کاندید و قەوارەکەشی گرنگە، ئەوەش لەبیر نەکەین کە ھەڵبژاردنێک لە پێشە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا