خالید محه‌ممه‌د ساڵح 10/12/2020 1193 جار خوێنراوەتەوە

بۆ چەکدارەکانی دەسەڵات هەرکێن و لە هەرکوێ هەن

پڕۆفیسۆر د.خالید محه‌ممه‌د ساڵح

بۆ چەکدارەکانی دەسەڵات هەرکێن و لە هەرکوێ هەن تکایە:

- پارێزەری شکۆی نەتەوە و سەروەرییەکانی نیشتیمان و خاک و خوێنی هاوڵاتیان بن نەک کۆیلە و داردەستی دوو بنەماڵەی بەناو دەسەڵات.

- ئەو گەنجانەی ڕژاونەتە سەرشەقام دوا هەناسەی پڕ لە تاسەی ئەم میللەتە خێر نەدیوە و نەوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و کوژراوانی شەڕی براکوژین و ئەمانیش بەدەردی باوانیان مەبەن و بە ناحەق جەرگی باوک و دایکیان مەسوتێنن.

- ئەوان ئازاری برسێتی و بێکاری زۆری بۆ هێناون و داوای مافی خۆیان دەکەن ئەگەریش بە هەڵە گوزارشتیان لە داواکانیان کرد بیرتان نەچێت ئەوانە ئازاری برسێتی و بێ هیوایی مەستی کردوون ئەگەرنا هەرگیز سنگیان بە لولەی تفەنگی ئێوە و فیشەکی بێ باکیتانەوە نەدەنا.

- ڕۆژی ئەو چەتە و مافیایانە لە ئاوابوونە و نەک جام بەڵکو دەریا سەری کردوە لە ستەمی ئەوانە و لێی دەڕژێت و ئەمڕۆ یان سبەی هەر دەڕوخێن و دەچنە زبڵدانی مێژوو، بۆیە چارەنوستان لەگەڵ ئەوان گرێ مەدەن و بەرەی میللەت بەر مەدەن با سبەینێ وەک کۆیلە و خائین و خۆفرۆش پۆلێن نەکرێن و منداڵەکانتان شەرم لە ڕابوردووتان نەکەن.

- بزانن کە ئەمڕۆ دونیایە سبەی دواڕۆژ ئەگەر لە دادگای دونیا و سزای گەلیش ڕزگارتان بێت لە دادگاکەی پەروەردگار زۆر مەحاڵە ڕزگارتان بێت، و لەسەر وورد و درشتی ئەو هەموو دزی و نا دادوەرییەی ئەو دەسەڵاتەی ئێوە بوونەتە پەرژین و پارێزەری لێپێچینەوەتان لەگەڵ دەکرێت.

بۆیە تکایە ژیانی ئەو گەنجانە بپارێزین و هیواکانیان زیندە بە چاڵ مەکەن و جەرگی باوک و دایکیان مەسوتێنن، چونکە ئەوانە تاکە داهاتوو و دەستمایەی ئەو میللە بەش مەینەتەن کەدەسەڵات نەیتوانیوە تا ئێستا بیاندزێت.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا