1 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
لە بەیانی ئەمڕۆوە باران و هەورەبرووسکە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
پەیام
بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، دیمەنی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن بارستەهەوایەکی شێدار لە میسرەوە بەرەو باکووری سعودیە، سوریا، عێراق و هەرێمی کوردستان درێژبووەتەوە و بارانبارین و هەورەبروسکە لە چەندین ناوچە دەستپێدەکات.
بەپێی پێشبینییەکانی ئاراس جەبار، شارەزای کەشوهەوا، ئەم بارستەهەوا شێدارە کە لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادایە، بە هاوکاری نزمەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاست بەرەو ناوچەکە جووڵەی کردووە و چڕ بووەتەوە. کاریگەرییەکانی ئەم پێشهاتە کەشوهەوایییە لە بەیانی و نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەردەکەون.
شەپۆلەکە بە بارانی مامناوەندی پچڕپچڕ و هەندێک جار هەورەبروسکە سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات. بەپێی کات، کاریگەرییەکانی بۆ پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین درێژدەبێتەوە.
ئەم شارەزایەی کەشوهەوا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەری هەیە کاتی گەیشتنی شەپۆلەکە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵات کەمێک پێشبکەوێت یان دوابکەوێت، یان پێش گەیشتنی بەرەی سەرەکی، هەندێک تاوەباران و هەورەبروسکەی پێشوەختە چڕ ببێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە