1 کاتژمێر پێش ئێستا
87 جار خوێنراوەتەوە
یەکەمجارە لە دوای ساڵی ١٩٦١ـەوە؛ ترامپ سزای لەسێدارەدانی کەسێکی پەسەند کرد
پەیام
دۆناڵد ترامپ، بڕیاری لەسێدارەدانی بە گوللەی بۆ نضال حەسەن، بکەری هێرشەکەی ساڵی ٢٠٠٩ی بنکەی فۆرت هوود پەسەند کرد، کە دەبێتە یەکەمین لەسێدارەدانی سەربازیی ئەمریکا لەماوەی زیاتر لە شەش دەیەدا.
شۆن پارنێل، وتەبێژی پێنتاگۆن، ڕایگەیاند پەسەندکردنەکە لەسەر بنەمای پێشنیازێکی پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بووە. بەپێی تۆڕی هەواڵی "ئەی بی سی نیوز"، تا ئێستا کات و شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە بە فەرمی دیاری نەکراوە.
نضال حەسەن کە پێشتر پزیشکی دەروونی بووە لە سوپای ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠١٣دا بەهۆی کوشتنی ١٣ کەس و هەوڵدان بۆ کوشتنی ٣٢ کەسی دیکە لە هێرشەکەی بنکە سەربازییەکەی ویلایەتی تێکساس، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
پەسەندکردنی بڕیارەکە لەلایەن ترامپەوە پێشهاتێکی نوێیە لە دۆسیەکەدا، بەڵام بەپێی ڕێنماییەکانی سوپا، دوای ڕەزامەندیی سەرۆک، کاتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەماوەی ٦٠ بۆ ١٥٠ ڕۆژدا دەبێت. ئەگەر سزاکە جێبەجێ بکرێت، دەبێتە یەکەمین حاڵەتی لەسێدارەدان لە سیستەمی دادوەریی سەربازیی ئەمریکادا لە دوای ساڵی ١٩٦١ەوە.
ڕووداوەکەی بنکەی فۆرت هوود دەگەڕێتەوە بۆ ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩، کاتێک حەسەن بە پلەی ڕائید لە سەنتەرێکی ئامادەکردنی سەربازاندا تەقەی لە ئامادەبووان کرد و بەهۆیەوە ١٢ سەرباز و هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژران، هەروەها ٣٢ کەسی دیکەش بریندار بوون. ناوبراو پێش دەستگیرکردن و دادگاییکردنی، بە سەختی بە گوللە بریندار کرا.
پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣دا بە ١٣ تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و ٣٢ تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن تاوانبار کرا، حەسەن ڕەوانەی گرتووخانەی سەربازیی فۆرت لیڤنوۆرس لە ویلایەتی کانزاس کرا. وەک "ئەی بی سی نیوز" ئاماژەی پێداوە، ناوبراو یەکێکە لەو چوار زیندانییەی کە لە چوارچێوەی سیستەمی دادوەریی سەربازیی ئەمریکادا لە چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە