هونهر تۆفیق
19/02/2022
240 جار خوێنراوەتەوە
جەنگی دۆلار لەنێوان ئال سەدر و ئال (چەلەبی -عەلاوی)دا
بە تەنیا لە دوانزە ساڵی ٢٠٠٤ -٢٠١٦ دا، نزیکەی ٤٠٨ ملیارد دۆلار لە عێراقەوە بەناوی هاوردەکردنی پێویستییەکانەوە براوەتە دەرەوە، بەپێی هەڵسەنگاندنی چاودێری دارایی، تێچوی هاوردەکان ناگاتە ١٦ ملیارد دۆلار.
دۆسیەی سپیکردنەوەی دۆلار و ناردنە دەرەوەی عێراق، کەوتە دەست ئەحمەد چەلەبی و ئامادەی کردبوو بۆ بردنە پارلەمان و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی، هەندێک پێیانوایە ئەوەش هۆکاری مردنە کتوپڕەکەی ئەحمەد چەلەبی بوو.
بنەماڵەی چەلەبی و عەلاوی، لەبەرەی دووخوشک دەبنەوە پورزای یەکدی، لە سەردەمی پادشایەتیدا جگە لە وەی بنەماڵەیەکی مەلاک و بازرگانی ناوداری عێراقی بوون، رۆڵیان لە حکومەتەکانی پادشایەتی عێراقی هەبووە، لەپاش بەکۆماریکردنی عێراق، هەڵهاتن و بە ئەمریکا و بەریتانیا و لوبنان دا بڵاوبوونەوە، نەوەکانیان ئەحمەد چەلەبی، ئەیاد عەلاوی، تۆفیق عەلاوی، عەلی عەلاوی (وەزیری دارایی ئێستا) لە کاتی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە گەڕانەوە، سەرلەنوێ لە حکومەتەکانی عێراقدا پێگەیان هەیە، موقتەدا سەدر بەبیانوی ئەوەی چەلەبی بەسواری دەبابەی ئەمریکیەوە هاتووەتەوە، بەشداری پرسەکەی نەکرد و تازیەنامەشی بۆ نەناردن، کاتێک حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ڕوخا، سەرۆک کۆماری عێراق ئامۆزاکەی ئەیاد عەلاوی کە دەکاتە خوشکەزای ئەحمەد چەلەبی ( محەمەد تۆفیق عەلاوی ) ڕاسپارد حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام سەدر دەستی باڵای هەبوو لە دوورخستنەوەی عەلاویدا و نەیهێشت بکرێتە سەرۆکی حکومەت، لە حکومەتەکەی کازمیدا عەلی عەلاوی خوشکەزای چەلەبی و کوڕی وەزیری تەندروستی عەبدولئەمیر عەلاوی کراوەتە وەزیری دارایی.
سەدر لەگەڵ هێرشە پرژوبڵاوەکانیدا بۆ سەر دۆست و نەیارەکانی (کە رەنگە سەری بخوات) داوای لێپرسینەوەی لە وەزیری دارایی دەکات سەبارەت بە نرخ و پرسی دۆلار، عەلی عەلاویش لە نامەکەیدا بۆ سەرۆک وەزیران وەڵامی سەدری داوەتەوە و ئاماژەی بە ئسوڵ و رەچەڵەکەکەی داوە بەوەی هێندە کەم نین تا سەدر بتوانێت بە تویتێک لە کەداریان بکات، ئەگەرچی وروژاندنی پرسی دۆلار لە عێراقدا گەورەترین دۆسیەی گەندەڵییە، لە هەمانکاتدا ترسناکترینیشە بەهۆی تێوەگلانی تەواوی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە تادەگات بە حەوزە و مەرجەعەکانیش، لە هەمانکاتدا دەستکاری کردنی نرخی ئێستای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، کە پەیوەندی بە کاڵا و بازاڕی ئێرانیشەوە هەیە دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەکات، لە هەمانکاتدا ناکۆکییەکانی نێوان ئال سەدر بەجیا و ماڵی عەلاوی - چەلەبی قوڵتر دەکاتەوە، کە ئال چەلەبییەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە مەرجەعی باڵا و حەوزەی نەجەفەوە هەیە، دۆستایەتیان لەگەڵ نەوەکانی خوئیدا لەئاستێکی باڵادایە و ئەحمەد چەلەبی تەنیا مونەسیقی نێوان سیستانی و ئەمریکیەکان بوو، هێرشەکەی سەدر لەم کاتەدا، دەستپێکی هێرشێکی ناڕاستەوخۆشە بۆسەر حەوزەی نەجەف.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی هونهر تۆفیق