هونهر تۆفیق
13/06/2022
181 جار خوێنراوەتەوە
بەرائە زیمەکەی سەدر
کشانەوەی پارلەمانتارەکانی کوتلەی سەدر، هاوپێچە بە نامەکەی موقەتەدا کە لە کۆتاییەکەیدا بەرائە زیمە ( ئەستۆ پاکی) خۆی لە هەموو ئەگەرەکانی داهاتوو نیشان دەدات.
کشانەوە کتوپڕەکانی سەدر نەیەکەم جار و نەدواجاریش دەبێت، ئەو لە ناکاودا سوپای مەهدی هەڵوەشاندەوە و بۆ چەند ساڵێک بەتەواوی دوورکەوتەوە، چووەپاڵ بزوتنەوەی تشرین و بێ هۆکار کشایەوە، لە بەشداریکردنی هەڵبژاردن کشایەوە و دواتر گوتی لەسەر داواکاری لایەنە شیعیەکان بەشداری دەکەم، تەنانەت لە وتارەکانیدا بۆ جەماوەرەکەی زوو زوو توڕە دەبێت و دەکشێتەوە، بۆیە ئەم کشانەوەیەشی دەچێتەوە ناو ژمارەی زیزبوونەکانی پێشووتری، بەڵام ئەمجارەیان چارەنووسی هاوپەیمانەکانی (سونەی حەلبوسی و پارتی) بە نادیاری هێشتەوە!!
لە رووی یاسایی و پەیڕەوی ناوخۆی پارلەمانەوە کشانەوە کوتلەکەی سەدر ناکاتە هەڵوەشاندنەوەی پارلەمان، کاندیدە دەرنەچووەکان شوێنیان پڕ دەکەنەوە، بەوەش ژمارەی کورسییەکانی کاندیدە دەرنەچووەکانی ئیتاری تەنسیقی زیاد دەکات، ئەگەرێکی بەهێزە ئەم بەرائەت زیمەیەی موقتەدا سەدر جێهێشتنی حکومەت بێت بۆ مالکی و خۆی تەرخان بکات بۆ گرنگیدان بەسیاسەتی شەقام و جەماوەر، بەڵام بەرانبەرەکەی کە مالیکی یە، نەیارێکی سەرسەختە و تەنیا کەسێکە لەناو تەواوی عێراقیەکاندا ڕووبەڕوو بەرامبەر سەدر جەنگاوەو دەجەنگێت، مالیکی بە نیوەی ژمارەی کورسییەکانی سەدرەوە، موقتەدای لە گۆشەیەکدا گیرکرد کە نە ئۆپۆزسیۆن بوونی لێ قبوڵکرد و نە پێدانی حکومەتیش، یان هاوبەشی کردن یان کشانەوەی بۆ سەدریەکان هێشتەوە، موقتەدا ئیختیاری دووەمی پەسەندکرد و ئەستۆ پاکیەکەی لەیەک کاتدا هەم هەڕەشەیە و هەم کشانەوە، چیتر چاوەڕێی توانا ئەکرۆپاتیکەی مالیکیە لە بۆشایی نەبوونی سەدردا چۆن نمایشە سیاسیەکانی دەستپێدەکات، ئەو بەرائە زیمەیە لەڕاستیدا دۆڕاندنە بەتامی بردنەوە و موقتەدا زیزبوونەکەی پێ داپۆشیوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی هونهر تۆفیق