هونه‌ر تۆفیق 20/06/2022 226 جار خوێنراوەتەوە

رۆشنبیریەکەی لێبکەنەوە

پییەر بۆردیۆ، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا رەخنەی لە کاپیتاڵ (سەرمایە)کەی کارڵ مارکس گرت، چونکە ئەو تەنیا سەرمایەی ماددی لە لێکۆڵینەوە سیۆسیۆلۆجیاکەیدا بەهەند وەرگرتووە، سەرمایەی نامادی، وەک فیکر و فەلسەفە و رۆشنبیری ناو کۆمەڵگەی فەرامۆش کردووە.

لەو کاتەوە رۆشنبیری تەنیا وەک کایەیەکی فیکری حساب ناکرێت، بەڵکە بەشێکە لە پێکهاتەی کۆمەڵگە، بیرۆکەی پایتەختی رۆشنبیریش لە تیئۆرەکەی بۆردیۆوە (هاپیتۆس) لەناو وڵاتاندا بەهەند وەرگیرا. هاپیتۆس (خۆگونجان لەگەڵ داهاتوو و پێشکەوتندا) کرایە یەکێک لە مەرجەکانی دەستنیشانکردنی شارێک بۆ بەپایتەختکردنی رۆشنبیری.

 هاپیتۆس (گونجان) لە رابردوو و چەند کتێبێکی کلاسیکی شیعر و زێدی کەسایەتییەکی سیاسی نییە، بەڵکە گونجانە لەگەڵ داهاتوو و بەردەستەکانیدا، ژینگەپارێزی و پاکوتەمیزی و ئاشتی و ئارامیە لەناو بیرکردنەوەی کۆمەڵگەدا، ئەگەر شارێک بەرهەمی سەوزەی لە زێرابەوە دەستبکەوێت ئەوە ناکاتە هاپیتۆس، چونکە گونجان لەگەڵ داهاتوو و بەردەستەکانیدا، مانای زوو راهاتنە بەو تەکنەلۆجیا و مۆدێلە تازانەی سەوزەی لێوە بەرهەمدێت، لە ناو بیرکردنەوە و ژیانی هاپیتۆسیدا کۆلێرا کۆتایی پێهاتووە، لە شارێکدا مەرجی پایتەختبوونی رۆشنبیری هەبێت بەپێی تاریفە راستەقینەکەی بۆردیۆ، نابێت لەوشار و کۆمەڵگەیەدا کۆلێرا و نەخۆشیەکانی پیسوپۆخەڵی سەرهەڵبدات .. 
بۆیە تکایە لەقەبی پایتەختی ڕۆشنبیری لە سلێمانی بکەنەوە ..

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا