ئارام عەلی سەعید 21/03/2023 158 جار خوێنراوەتەوە

بۆنەیەك نغرۆ لەنێو ئەفسانەكانی مێژوودا (نەورۆز)


لایەنێكی ئەرێنی (ئیجابی) هاتنە كایەی تەكنۆلۆژیای نوێ و دەستگەیشتن بەسەرچاوەی زۆرو فرەچەشنی جیاواز و كاركردن بەتوێژینەوەی زانستی و بابەتیانە خۆشبەختانە ئەفسانەی "كاوە"و "زوحاك" و "ئەژدیهاو مارو دووپشك" و خواردنی مێشكی لاوو و گەنجانی لەكۆڵكردینەوە.
 ئاخر ئەم زانیاریی و مەعریفەیە لەكوێوە سەریهەڵدا حیكایەتی پێچەوانەی نێوان ئەژدیهاك (ئاستیاگ)و  كاوە (كۆرش)ی فڕێدایە ناو فەرهەنگی مێژوومانەوە؟!كاتێك باس دێتە سەر نەتەوەكانی دەوروبەر دونیا پڕ دەكەین لەدێوو خێوو دایناصوری نەیارێكی مێژوویی سەرسەخت و داپڵۆسێنەر، بەڵام بۆنەیەك كە فارس و تورك و بەشێك لە عەرەب و بەلوج و ئازەرو ئەڤغانی و ئەفریقی و هەر گەلێكی دی ئاری نەژاد بەهی خۆیانی دەزانن ئێمە بەتەنیشتیانەوە حیكایەتێكی پڕ لە خورافی و تەمومژاویمان لێ بەرهەمهێناوە، لەسەرچاوە عەجەمییە بێ بنەماكانەوە ئاوێتەی مێژوومان دەكەین.
 بۆیە كورد هەر لەپاشكۆیەتیكردن بۆداگیركاران لەڕووی هێزو بوون بەبەشێك لەوان عاتیفی نەبووە، بەڵكو فەرهەنگ و مێژوو بەشێك لەكولتورەكەیشی نەزانانەو بێ بیركردنەوەو قووڵایی سەرپێخستووەو شوێنی قەرەباڵغی كەوتووە.
 نووسەر هەیە چیرۆكی حەزرەتی ئیبراهیم و ئازەری بابی و ئاتەشگاكانی هەورامانی كردووەتە كەرەستەی نووسین و بۆنەیەكی وەك نەورۆزی بۆ داتاشیوەو دەرخواردی خوێنەری كوردی دەدات.
"زەردەشت" و "ئاڤێستا"و "ئاهورامەزدا" و "ئەهریمەن" و "ئاڵای كوردستان" و "تایە سووتاندن" و "لیباسی كوردی" و "مشكی و شاڵ و كڵاش" وەك چێشتی مجێور بەژێرخانی فیكریی و هێزی مەعنەویی و ڕووحێكی ئاڵنكارییانە وێنا دەكرێت، لە"پیرشالیار"ەوە دەیهێنێت و بەناو"سیاچەمان"ەی هەوراماندا لەو چیا عاسیانەوە دەیگوازێتەوە بۆ سەر ستەیجی ڕۆشنگەریی و پلاتفۆڕم و بیابانی پڕ سەرابی دیموكراسی.
 ئایا نەتەوەیەك  خۆیان گوتەنی بیەوێت بچێتە ژێر ڕكێفی مەدەنیەت و چەمكە نوێیەكانی دیموكراسی و دەسەڵاتێكی عەلمانی دوور لە پێدراوی دینی و  گەرەكی بێت موقەددەس بكاتە كەرەستەی گەیشتن بەپێشكەوتنەكانی جیهانەوە بەمشێوەیەو بەم تایپە لە عەقڵ و لۆژیك بیر دەكاتەوە؟!
 بەداخەوە نەتەوەكانی دی توانیان ئاین بكەنە كەرەستەی مانەوەو مقەوەماتی هەستانەوەو سوودبینین لەو بەهاو نۆرم و پێدراوانەی دین تەبەننی لێكردووە دەوڵەتیان لەسەر بونیادنا، بەڵام كورد نەیتوانی سوودی لێ ببینێت، جگە لە تاكە سەركردەی كورد سوڵتان صەڵاحەددینی ئەیوبی نەبێت كە توانی بەشێك لە نەتەوەكانی دی بهێنێتە ژێر ڕكێفی ئاڵاكەیەوەو گەورەترین زلهێزی جیهانی تێكبشكێنێت.
ئەمڕۆ خۆشبەختانە نەورۆز قۆناغی گرێوگۆڵی تێپەڕاندووەو ئەو ناڕوونی و تەمومژەی ساڵانێك بوو لەسەری نیشتبوو بەهۆی هۆشیاری مێژوویی و تێگەیشتنی سەردەمیانەو ساغبوونەوەی سەرچاوەكانەوە  لەسەری تەكێنراوە، لەوانەیە لایەنە ئەرێنیەكەی تەنها ئەوەی بۆ ئێمە هێشتبێتەوە ئەو تێگەیشتنەیە كە تەجاوزی وەرزی سەرماو سۆڵەو نەمانی شەختەو كڕێوەی زستان و هاتنی وەرزێكی نوێی بوژانەوەو ژیانەوەی گژوگیاو گوڵ سەرهەڵدەدات و كانی و ڕووبارەكان ئاویان تێدەزێت، ژیان و ئاشنابوونەوە بە سروشت دەستپێدەكاتەوە، ئەمانە بەسەرەتای ساڵی نوێی كوردی وێنادەكرێن نەك ئاگرپەرستی و خۆ قەتیسكردن و نغرۆبوون لەنێو ئەفسانەكانی مێژوودا كە هەنووكە لای ناوەندە ئەكادیمی و زانستییەكانیش كراوەتە بابەتێكی پەراوێزیی بێ ڕۆڵ و ڕوانگە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا