18/11/2024
429 جار خوێنراوەتەوە
بەمەبەستى ئامادەكاری بۆ سەرژمێریی گشتی سبەی لەكەركووك پشووی فەرمییە
پەیام
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی پارێزگار، ڕێبوار تەها، پارێزگاری كەركووك ڕایگەیاندووە: سبەی سێشەممە پشووی فەرمی دەبێت بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەركەوتنی هەوڵەكانی سەرژمێریی گشتی، لەپێناو ئەوەی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی وەك شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و تەندروستیی و دامەزراوەكانی دیكە كارەكانیان بۆ ڕۆژی سەرژمێری ڕێك بخەن.
پارێزگاری كەركووك داوای لە هاووڵاتیانی پارێزگاكە و قوتابیانی كردووە، هاوكار و پشتیوانی بژمێرەكان بن بۆ ئەوەی پرۆسەی سەرژمێری بە باشی بەڕێوە بچێت.
جێی باسە دوێنێش ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا داوای كرد، ئەو هاووڵاتیە كوردانەی لە بنەڕەتدا دانیشتووی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و ئێستا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، لە رۆژانی سەرژمێرییدا بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان و ناویان تۆمار بكەن.
كۆمەڵی دادگەری ڕاشیگەیاندووە: با ئەو خاكەی باب و باپیرانمان لەسەری ژیاون و قوربانیی زۆریان لەپێناو داوە لەدەست نەچێت و نەوەكانی داهاتوو باجی هەڵە و كەمتەرخەمیی و سیاسەتی هەڵەی بەرپرسانی كورد نەدەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە