15/03/2025
506 جار خوێنراوەتەوە
عێراق 16ى 3ى بە پشووى فەرمى ناساندووە و هەرێم پێوەى پابەند نابێت
پەیام
ئەمساڵ حکومەتی عێراق 16ى 3 کە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە بە پشووى فەرمیی ناساندووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی ماوەبەسەرچوو دەڵێت "پشووەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە".
رۆژى 10ى 3ى 2025 ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاردرا ڕۆژی 16ی ئازاری 2025 دەوامی فەرمی ڕابگیرێت، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی ئەو تاوانانەی ڕژێمی سەدام و بەعس دژی گەلی عێراق ئەنجامیانداوە.
لە راگەیەندراوێکی حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێمیشدا کە ئەمڕۆ 15ى 3ى 2025 بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆنە و یاد و رۆژانی پشووە فەرمییەكانی لە ساڵنامەی فەرمیی حكومەتدا دیاریكردووە، لە ئێستادا بۆنە و یاد و پشووەكان هەر وەك خۆی دەمێنێتەوە، هیچ گۆڕانكارییەكیش لەو ساڵنامەیەدا ناكرێت تاوەکو پەرلەمانی كوردستان بەپێی دەسەڵاتەکانی خۆی پێداچوونەوەی بۆ دەكات و بڕیاری نوێی بۆ دەردەكات".
رۆژى 16ى 3ى 1988، رژێمی پێشووی عێراق، شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و لە ئاکامدا 5 هەزار کەس شەهیدکران و بە هەزارانی دیکەش بریندار بوون.
هەڵەبجە، چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستانە. بەڵام تائێستا رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی بە پارێزگابوونی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تەواو نەکراوە.
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاى هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەکانی بیارە، بەمۆ و سیروان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە