16 کاتژمێر پێش ئێستا
93 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلى: لە جەنگی سەر غەززەدا 100 هەزار فەڵەستینی كوژراون
پەیام
ڕۆژنامەیەكی زایۆنی ئاشكرای دەكات لە ماوەی جەنگی سەر كەرتی غەززەدا نزیكەی 100 هەزار فەڵەستینی كوژراون.
ڕۆژنامەی هائارێتسی عیبری بڵاوی كردووەتەوە "نزیكەی 100 هەزار فەڵەستینی لە دانیشتوانی كەرتی غەززە بەهۆی بۆدرومانەكانی سوپای قەوارەكەیانەوە یان بەهۆی كاریگەری كۆمەڵكوژییەكانەوە لە حەوتی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023ەوە كوژراون".
ڕۆژنامە زایۆنیەكە پشتی بەو ڕاپۆرتانە بەشتووە كە پرۆفیسۆر مایكڵ سپاگات پسپۆڕی نێودەوڵەتی لە بواری گیانلەدەستدانەكان لە ئاڵۆزییەكاندا و تیمی پشكینینی نێودەوڵەتی لەم هەفتەیەدا بڵاویان كردووەتەوە و تێدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەو ئامارانەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی غەززەوە بڵاو دەكرێنەوە، زۆر كەمترن لە ئاستی ڕاستەقینەی قوربانییەكان.
ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە برسێتی و نەخۆشی و تەقەی سوپای زایۆنی لە ناوەندەكانی دابەشكردنی هاوكارییەكان، جەنگی كەرتەكەی كردووە بە خوێناویترین جەنگ لە سەدەی 21دا.
ڕۆژنامەكە ڕوونیكردووەتەوە كە پرۆفسۆر سپاگات بە هاوكاری خەلیل شەقاقی شارەزای سیاسەتی فەڵەستینی ڕووپێوییەكیان لە دوو هەزار خێزانی فەڵەستینی ئەنجام داوە كە لە 10 هەزار تاك پێكهاتبوون و لە كانونی دووەمی ئەمساڵ كۆتایی هاتبوو و گەواهی ئەوەیان داوە كە نزیكەی 75 هەزار و 200 كەس لە ئەنجاممی ئاڵۆزییەكان شەهید بوون.
ئەمە و بەپێی ئەو ئامارانەی كە وەزارەتی تەندروستیی غەززە بلاوی كردووەتەوە ئاماری قوربانیانی جەنگەكە گەیشتووەتەوە 56 هەزار و 336 شەهید كە نزیكەی 40 لەسەد لەو ڕاپۆتانە كەمترن كە بڵاو كراونەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە