4 کاتژمێر پێش ئێستا
113 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری نەوت: عێراق و توركیا ئامادەی هەناردەكردنەوەی نەوتن و چاوەڕێی هەرێمن
پەیام
وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت: عێراق و توركیا ئامادەن بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت و چاوەڕێی هەرێمی كوردستانن تاكو نەوتەكە ڕادەست بكات.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: دوای دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد، یاسای بودجە هەموار كرایەوە و بەئامانجی خێراكردنی پرۆسەكە و كاركردن بە ڕێككەوتنەكان تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك بۆ 16 دۆلار زیاد كرا، ئەمەش هەموولایەك لەسەری ڕازی بوون، بەڵام چەند بابەتێك بوونە هۆی دروستكردنی بەربەست لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان.
حەیان عەبدولغەنی دەڵێت: ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی دەهێنێت لەسەر بەشی عێراق لە ئۆپیك حسابە كە بڕەكەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە و عێراقیش هیچ سوودێكی لێ نابینێت.
بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق "بەغداد ڕازی بووە لەسەر ئەوەی ڕۆژانە 46 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی بدرێتە هەرێم، بەڵام هەرێم داوای 65 هەزار بەرمیل دەكات، ئەمەش پێچەوانەی یاسای بودجە و ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمە".
ئەو وتیشی: بە نزیكەیی ڕێككەوتن لەسەر هەموو بڕگەكان كراوە جگە لە بڕە نەوتی ڕۆژانە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی هەرێم، ئومێد دەكەین لە قۆناغی كۆتاییدا هەرێم بەو بڕەش ڕازی بێت.
وەزیری نەوتی عێراق ڕاشیگەیاند: ئێمە لە حكومەتی فیدڕاڵی ئامادەین نەوت وەربگرین و هەناردەی بكەینەوە، توركیاش ئامادەیە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە، بەڵام چاوەڕێی ئەوەین برایانمان لە هەرێم بڕە نەوتەكە ڕادەست بكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە