4 کاتژمێر پێش ئێستا
104 جار خوێنراوەتەوە
هۆزەكانی عێراق لە هەوڵى گەڕاندنەوەى كەسوكاری چەكدارانی داعش نیگەرانن
پەیام
حكومەتی عێراق كار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی سووریا و كەسوكاری چەكدارانی داعش دەكات و بەشێك لە هۆزەكانیش ناڕازین و هۆشداری دەدەن.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق ڕایگەیاند، یاداشتێكی هاوكاری و هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران واژوو كردووە، بە ئامانجی هەماهەنگی لە پرۆسەی گەڕانەوە و دووبارە نیشتەجێكردنەوەی ئاوارە عێراقییەكان لە كەمپەكانی سووریا و رۆژئاوای كوردستانەوە. ئامانجیش لەم یاداشتە چاكسازی و دووبارە ئاوێتەكردنی كۆمەڵایەتیی ئەو ئاوارانەیە لەگەڵ كۆمەڵگەی عێراقی.
لەبەرانبەردا بەشێك لە سەرۆك هۆزەكانی سنووری پارێزگای سەڵاحەدین ڕأگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە و ڕایانگەیاند، بەشێك لە خێزان و كەسوكاری چەكدارانی داعش كە لە كەمپەكانی هۆڵ و جەدعەن لە سووریا، دەستیان بە خوێن سوورە. ئەو هۆزە عێراقیانە هۆشداریان داوەتە حكومەت، گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارە عێراقیانە دەرگای ململانێی خوێنیی عەشایەری دەكاتەوە و ئەمەش عێراق بۆ خاڵی سەرەتا دەگێڕێتەوە.
ئەو سەرۆكهۆزانە داوایان لە حكومەت كردووە بەردەوام بێت لە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لە سووریاوە بەڵام ئەو خێزانانەی دەستیان بە خوێن سوورە نەیانگێڕێتەوە بۆ عێراق.
هاوكات سەرچاوەیەكی حكومی بە میدیای عێراقیی ڕاگەیاندووە خێزانەكانی داعش ناگەڕێنرێنەوە بۆ ناوچەكانی پێشووی نیشتەجێبوونی خۆیان بەڵكو لە دەرەوەی پارێزگاكانی خۆیان و لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا نیشتەجێ دەكرێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە