13 کاتژمێر پێش ئێستا
151 جار خوێنراوەتەوە
سەباح نوعمان: هێرشی سەر سیستمە ڕادارییەكانی عێراق لە نێوخۆوە ئەنجام دراون
پەیام
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند كە لێكۆڵینەوەیان لەبارەی بۆردومانكردنی سیستمی ڕادارییەكانەوە كردووە و دەركەوتووە كە لە نێوخۆی عێراقەوە هێرشەكان ئەنجام دراون.
لە ڕاگەیەنراوێكدا، سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئاشكرای كرد "لەسەر ڕاسپاردەی فەرماندەی گشتی و سەرۆكوەزیرانی عێراق و بە ڕەچاوكردنی ڕووداوەكانی بەئامانجگرتنی چەند پێگەیەكی سیستمی ڕادارایی تایبەتی سەر بە هێزە چەكدارەكان بە درۆنی خۆكوژی و لە یەك كاتدا، لێكۆڵینەوەمان ئەنجام داوە و ئەنجامی یەكلاكەرەوەمان دەست كەوتووە".
وتەبێژەكەی سودانی دەڵێت: دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە ئەو درۆنانەی لە هێرشەكاندا بەكار هاتوون كڵاوەی جەنگییان بە كێشی جیاواز لێ بەستراوە و لە دەرەوەی عێراق بەرهەم هێنراون، پاش ئەوەی بە وردی چاودێری شوێنی هەڵدانی درۆنەكان كراوە دەركەوتووە لە چەند شوێنێكی دیارییكراوی نێو خاكی عێراقەوە هەڵدراون.
ئەو بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی لەسەر بڵاو بكاتەوە و ناوی هیچ لایەنێك بهێنێت، ڕایشیگەیاند: ئەو لایەنانەی كە لە جێبەجێكردن و هەماهەنگی ئەم كردەوانە بەشدارییان كردووە ئاشكرا بوون.
جەختیشی كردەوە لەوەی "تەواوی درۆنە خۆكوژییە بەكارهاتووەكانی هێرشەكە لەیەك جۆر بوون، ئەوەیش بەڵگەیەی ئەوەیە كە ئەنجامدەری هێرشەكان یەك لایەن بووە".
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دووپاتیشی دەكاتەوە "ڕێكاری یاسایی بەرانبەر هەر لایەنێك دەگرینە بەر كە لە هێرشەكان تێوە گلابێتن و ڕێگە بە هیچ لایەنێك نادرێت سەقامگیری عێراق تێك بدات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە