14 کاتژمێر پێش ئێستا
150 جار خوێنراوەتەوە
خۆپیشاندەران لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەمریكا قاپ و كەوچكیان بەرز كردەوە
پەیام
لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریكا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی برسیكردنی خەڵكی كەرتی غەززە و بۆ داوای ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگ بەڕێوە چوو.
دوێنێ، هەینی سەدان خۆپیشاندەری پاڵپشتی فەڵەستین، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا هاتنە سەر شەقام و بەشێكیان قاپ و مەنجەڵ و كەوچكیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتبوو و وەك ئاماژە بۆ ئابڵوقەی قورسی قەوارەی داگیركەری زایۆنیس بۆ سەر غەززە و بەیەكیاندا دەدا. هەروەها دروشمی "بەڵێ بۆ نان، نەخێر بۆ بۆمب"یان بەرز كردبووەوە و داوای هەڵگرتنی ئابڵوقە و كۆتاییهێنان بە كۆمەڵكوژییان دەكرد.
لە پاریسی پایتەختی فەڕەنساش سەدان كەس هاتنە سەر شەقام و دەفر و كەوچكیان بەیەكدا دەدا و داوایان كرد كۆمەڵكوژی و ئابڵوقەی سەر كەرتی غەززە كۆتایی پێ بهێنرێت و ڕایشیانگەیاند: داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن ماكرۆن بەس نییە، بەڵكو دەبێت فەرەنسا ڕێوشوێنی توند بۆ ڕاگرتنی جینۆساید و جەنگی برسیكردن بگرێتە بەر. هەروەها واز لە پشتیوانیی سەربازیی و ئابووری بۆ قەوارەی داگیركەر بهێنێت.
لە ئەمریكاش، لەژێر دروشمی "برسیكردنی غەززە ڕابگرن"، گردبوونەوەیەك لەبەردەم باڵەخانەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك بەڕێوە چوو. تیایدا چالاكانی سەرخەری دۆسیەی فەڵەستین داوای ڕاگرتنی جەنگ و كۆتاییهێنان بە پشتیوانیی بێسنووری ئەمریكا بۆ قەوارەی زایۆنی كرد.
خۆپیشاندەرانی ئەمریكاش، هاوشێوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا كەرەستەی خواردن و چێشتخانەیان بەرز كردەوە و وەك هێمایەك بۆ كۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر غەززە و برسیكردنی خەڵكەكەی، بەیەكیاندا دەكێشا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە