10 کاتژمێر پێش ئێستا
94 جار خوێنراوەتەوە
ئێران.. هێرشێكی چەكداری كرایە سەر باڵەخانەی دادگای شاری زاهیدان
پەیام
هێرشێكی چەكداری بۆ سەر باڵەخانەی دادگای زاهیدان لە ئێران ئەنجام درا و ژمارەیەك كوژراو و برینداربوونی لێ كەوتەوە.
میدیای ئێرانی بڵاوی كردەوە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، گروپێكی چەكداری كە ژمارەیان سێ كەس بووە و تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 25 ساڵیدا بووە، هێرشێكیان بۆ سەر باڵەخانەی دادگای شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران، ئەنجام داوە".
لەبارەی هێرشەكەوە، عەلیڕەزا دلێری جێگری سەرۆكی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلوچستان ڕایگەیاندووە: هێرشەكە كاتژمێر هەشت و 30 خولەك لەلایەن گروپێكی سەر بە قەوارەی زایۆنییەوە ئەنجام دراوە و لە لەژێر بەرگی كاری ئیدارییدا نیازی چوونە ژوورەوە بۆ باڵەخانەی دادگای زاهیدانیان هەبووە و دوای ئاشكرابوونیان ڕووبەڕووی چەكدارەكان بوونەتەوە بەهۆیەوە هێرشبەرەكان كوژراون.
لای خۆیەوە پەیوەندییە گشتییەكانی بارەگای قودسی سەر بە هێزی زەمینی سوپای پاسداران بڵاوی كردووەتەوە "تا ئێستا شەش كەس لە ڕووداوەكەدا كوژراون و 22ی دیكە بریندار بوون كە ژن و منداڵیان لەنێودایە".
لە بەرانبەردا سوپای عەدل كە حكومەتی ئێران بە سوپای ستەم ناوی دەبات و هێزێكی قەدەغەكراوی سوننیمەزهەبی ئێرانییە، بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند: هێرشەكە قۆناغی دووەمی ئۆپڕاسیۆنی "بازووی عەدالەت"ـە و داوای لە هاووڵاتیانی مەدەنیش كردووە نزیك باڵەخانەی دادگا لە زاهیدان نەكەونەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە