10 کاتژمێر پێش ئێستا
123 جار خوێنراوەتەوە
لە 24 كاتژمێردا 11 كەسى دیکە لە غـ.ەززە بەهۆی برسێتییەوە شەهید بوون
پەیام
لە 24 كاتژمێردا 11 كەس لە كەرتی غەززە بەهۆی برسێتییەوە شەهید بوون و هۆشداریش لە مردنی بە كۆمەڵی منداڵان دەدرێت.
سەرچاوەكانی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە ئاشكرای دەكات "منداڵێكی شیرەخۆرە بەناوی هود عەرەفات كە تەمەنی تەنیا حەوت ڕۆژ بووە بەهۆی كەمی خۆراك و شیر گیانی لەدەست داوە".
لە كاتژمێرەكانی سەرەتای ئەمڕۆیشدا شیرەخۆرەیەكی دیكە بەناوی زەینەب ئەحمەد لە كۆمەڵگەی پزیشكیی ناسڕ گیانی لەدەست داوە كە تەمەنی شەش مانگ بووە.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەكانیش، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە كەرتی غەززە بەهۆی برسێتییەوە 11 كەس شەهید بوون كە ژمارەیەكیان منداڵن.
وەزارەتی تەندروستیی غەززەیش بڵاوی كردەوە: كۆی گشتی ئەو كەسانەی بەهۆی برسێتی و بەدخۆراكییەوە گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە 122 شەهید كە 83یان منداڵن.
نووسینگەی میدیاییش لە غەززە بڵاوی كردووەتەوە: نەخۆشخانەكان لەم ڕۆژانەی كۆتاییدا سەدان حاڵەتی بەدخۆراكییان تۆمار كردووە و هۆشداری لە مردنی بەكۆمەڵی نزیكەی 100 هەزار منداڵانیش دا لە ماوەی چەند رۆژێكدا، ئەگەر شیری منداڵان بە خێرایی نەگەینرێتە كەرتەكە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری تیمی تەندروستیی فراگوزاری پزیشكی لە غەززە ڕایگەیاندووە: 50 هەزار منداڵی ساوا ناتوانن شیریان دەست بكەوێت و تاكە بژاردە لەبەردەم دانیشتوانی كەرتەكە مردن و برسێتییە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە