1 رۆژ پێش ئێستا
125 جار خوێنراوەتەوە
پسپۆڕێكی عێراق داوای پەلەكردن لە ڕێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەكات
پەیام
پسپۆڕێكی ئابووریی عێراق داوا دەكات لەپێناو چارەسەركردنی تەنگەبەریی دارایی پەلە لە ڕێككەوتنی نەوتیی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی توركیاوە بكرێت.
لە نووسینێكیدا لە تۆڕی فەیسبووك، نەبیل مەڕسومی، پسپۆڕی ئابووریی عێراق دەڵێت: لەبەر ڕۆشنایی زیادبوونی پێشبینییكراوی بەشی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگەكانی داهاتوودا، پێویستە بە خێرایی كێشەی نەوتی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم چارەسەر بكرێت و لەگەڵ توركیا بگەنە لێكتێگەیشتنێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوت لە بۆری جەیهانەوە.
لە درێژەی نووسینەكەیدا، مەڕسومی ڕایگەیاندووە: بەگوێرەی سەرچاوەكانی ئۆپێك، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بە تێكڕای گشتی لە هەر ڕۆژێكی مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و (458) هەزار بەرمیل، سەرجەمی ئەو بڕەش لە باشوور و لە ڕێگەی دەریاوە هەناردە كراوە، بەوەش عێراق لەوپەڕی توانای هەناردەكردنی خۆی كە (3.5) ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێكدا، نزیك بووەتەوە.
ئەو پسپۆڕە ئابورییە هۆكاری داواكاریی چارەسەری خێرای ڕێككەوتنی بەغداد و هەولێریش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە تا عێراق بتوانێت نەوتی هەرێم و كەركوك هەناردە بكات، كە بڕەكەی نزیكەی 500 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا كە بەشدار دەبێت لە چارەسەركردنی ئەو تەنگەبەرییە داراییەی عێراق لەئێستادا پێیەوە دەناڵێنێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە