19 کاتژمێر پێش ئێستا
180 جار خوێنراوەتەوە
هێرشه‌كه‌ی قه‌ته‌ر چۆن ئه‌نجام دراوه و ئه‌مریكا كه‌ی ئاگادار بووه؟
په‌یام
به‌پێی هه‌واڵی میدیا زایۆنییه‌كان ئه‌مریكا كاتێك ئاگاداری هێرشكردنه سه‌ر قه‌ته‌ر بووه كه فڕۆكه‌كانی داگیركه‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه ده‌رچوون و هه‌روه‌ها ته‌نها نه‌ته‌نیاهۆ و وه‌زیره توندڕه‌وه‌كان به هێرشه‌كه رازی بوون.
كه‌ناڵی 12ـی زایۆنی و چه‌ند میدیایه‌كی دیكه‌ش ئه‌وه‌یان پشتڕاستكردوه‌ته‌وه كه هێزه‌كانی ئه‌مریكا و كۆشكی سپی له كاتژمێری سفردا به هێرشه‌كه‌یان زانیوه و دوای ئه‌وه‌ش قه‌ته‌ریان لێ ئاگادار كردوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌رپرسانی قه‌ته‌ر ده‌ڵێن دوای هێرشه‌كه ئاگاداركراونه‌ته‌وه.
هەروەها ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی فڕۆکەکان لە هێرشەکە و چەند خولەکێک پێش هەڵدانی مووشەکەکان سوپای ئیسرائیل هاوتا ئەمریکییەکانی لە هێرش بۆ سەر ئامانجەکانی بزووتنەوەی حەماس ئاگادارکردووەتەوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شوێنی وردی هێرشەکەیان به ئه‌مریكییه‌كان نه‌داوه، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا چاودێری هەڵدانی مووشەکەکانیان کردووە و ئامانجەکەیان دەستنیشان کردووە.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکیشەوە بڵاویکردەوە، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕێگەی بۆ قاهیرە له هێرشەکە ئاگادار كراوه‌ته‌وه و ئه‌ویش لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئه‌مریكا قسەی کردووە و له‌وێوه كۆشكی سپی ئاگاداركراوه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ش سه‌رۆكی ئه‌مریكا ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ستیڤ ویتكۆف، نێرده‌ی ئه‌مریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كردووه و داوای لێكردووه قه‌ته‌رییه‌كان له پلانی ئیسرائیل ئاگادار بكاته‌وه، به‌ڵام فڕۆكه زایۆنییه‌كان بۆردومانه‌كه‌یان كرد.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکییەوە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل پێش هێرشەکە سوپای ئەمریکای لە هەندێک پلانی هێرشکردن ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام ئاگادارکردنەوەکە ناڕوون بووە و باسی ئامانج و شوێنەکانی نەکردووە. به ئامانجی ئه‌وه‌ی كه هێرشه‌كه‌ی خۆیان ئه‌نجام بدرێت و ئه‌مریكا هیچ ده‌رفه‌تێكی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نه‌بێت.
هه‌روه‌ها راشگه‌یه‌نراوه، به‌رپرسانی قه‌واره‌ی زایۆنی زانیاری وردیان له‌باره‌ی شوێنی هێرشه‌كه‌وه به ئه‌مریكییه‌كان نه‌داوه، به‌ڵام فه‌رمانده ئه‌مریكییه‌كان راسته‌وخۆ كۆشكی سپییان له پیلانه‌كه‌ی داگیركه‌ری زایۆنی ئاگاداركردوه‌ته‌وه.
هاوكات، به‌رپرسانی قه‌ته‌ر له دوای هێرشه‌كه‌وه ئه‌وه‌یان راگه‌یاند، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دوناڵد تڕه‌مپ په‌یوه‌ندی له میری قه‌ته‌ره‌وه كردووه‌و نیگه‌رانی ئه‌مریكای له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه پێ راگه‌یاندووه و جه‌ختی له‌وه كردوه‌ته‌وه كه هێرشی هاوشێوه بۆسه‌ر قه‌ته‌ر دووباره نابێته‌وه.
هه‌روه‌ها میدیای قه‌ته‌ری ئه‌وه‌ی بڵاو كردوه‌ته‌وه، كه ئه‌مریكییه‌كان به قه‌ته‌رییه‌كانیان وتووه، ئه‌مریكا پێشوه‌خت ئاگاداری هێرشه‌كه نه‌بووه و ئه‌و هێرشه به هه‌ماهه‌نگی ئه‌مریكا نه‌كراوه، به‌ڵام له ئه‌سنای هێرشه‌كه‌دا ئه‌مریكای لێ ئاگاداركراوه‌ته‌وه.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئه‌وه‌یان بڵاو كرده‌وه كه ئه‌مریكا چه‌ند خوله‌كێك پێش هێرشه‌كه قه‌ته‌رییه‌كانی ئاگاداركردوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌رپرسانی قه‌ته‌ر و له‌ناویاندا، محه‌مه‌د بن عه‌بدولره‌حمان سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێت، ده خوله‌ك دوای هێرشه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه په‌یوه‌ندییان پێوه‌كراوه و پێیان ڕاگه‌یه‌نراوه كه هێرشه‌كه له‌لایه‌ن ئیسرائیلیه‌وه ئه‌نجام دراوه و بڕیاری سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌نیاهوو بووه.
دوای هه‌ڵوێستی ئه‌مریكاش له باره‌ی هێرشه‌كه‌وه، باڵیۆزی قه‌واره‌ی زایۆنی له ئه‌مریكا رایگه‌یاند، مه‌رج نییه هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی ئیسرائیل به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بنیامین نه‌ته‌نیاهوو، سه‌رۆكوه‌زیرانی قه‌واره‌ی زایۆنی، له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه رایگه‌یاند، هێرشكردنه سه‌ر سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس له قه‌ته‌ر، پلانی خودی ئیسرائیل بووه و هه‌ر خۆیشی جێبه‌جێی كردووه و ته‌واوی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌شی هه‌ڵده‌گرین.
له لایه‌كی تره‌وه، چه‌ندین میدیای زایۆنی ئه‌وه‌یان بڵاو كرده‌وه كه هێرش بۆسه‌ر قه‌ته‌ر كه‌مترین ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی قه‌واره‌ی زایۆنی پێی ڕازی بووه و ته‌نانه‌ت ده‌زگای هه‌واڵگری ده‌ره‌وه‌ی زایۆنی (موساد) له هێرشه‌كه‌دا به‌شدار نه‌بووه و، له ناوه‌رۆكی راگه‌یه‌نراوی فه‌رمی سوپای زایۆنیش ناوی موساد نه‌هێنرا و ته‌نها نوسرابو كه سوپا و ده‌زگای هه‌واڵگری شاباك به‌شداری هێرشه‌كه‌یان كردووه.
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆتی زایۆنیش ئه‌وه‌ی بڵاوكردبوه‌وه كه تیمی دانوستانكاری زایۆنی به هێرشكردنه سه‌ر وه‌فدی حه‌ماس له قه‌ته‌ر نارازی بوون و پێیان وابووه كه هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه مه‌ترسیداره و هێنده‌ی دیكه ئیسرائیل لای جیهان ناشرین ده‌كات و ده‌یسه‌لمێنێت كه ئه‌وه ئیسرائیلیه ڕێكه‌وتنی ناوێت.
دوێنێ 9ـی 9ـی 2025 فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای زایۆنی شوێنی نیشته‌جێبوونی وه‌فدی حه‌ماسیان له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر به ئامانجگرت، به‌ڵام سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس له هێرشه‌كه‌دا رزگاریان بوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە