12 کاتژمێر پێش ئێستا
125 جار خوێنراوەتەوە
جهنگ ڕاوهستا و ههزاران كهس بوونه قوربانی
پەیام
ئاماری قوربانییانی جەنگی سەر كەرتی غەززە 67 هەزار شەهید و 170 هەزار برینداری تێپەڕاند و ژمارەیەكیش هێشتا بێسەروشوێنن.
دوای چوونە بواری جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەستەوە، وەزارەتی تەندروستی كەرتی غەززە نوێترین ئاماری قوربانییانی جەنگی سەر كەرتەكەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند: ژمارەی شەهیدان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ 67 هەزار و 682 و بریندارانیش بۆ 170 هەزار و 33 كەس بەرز بووەتەوە، ئەوەیش دوای زیادكردنی 320 شەهید، كە داتاكانیان تەواو بووە و لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە پەسەند كراوە و بەدواداچوون بۆ بانگەشە و كەسانی ونبوو دەكرێت.
ئەوەیشی خستە ڕوو "نەخۆشخانەكان لە ماوەی 24 كاتژمێردا پێشوازییان لە 151 شەهید كردووە كە 35یان بەر لە چوونە بواری جێبەجێكردنی ئاگربەستەوە بەهۆی بۆردومانی سوپای زایۆنییەوە شەهید بوون و 116یشیان ڕووفات بوون لەگەڵ 72 بریندار".
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە كەرتی غەززە ڕایشیگەیاند: هێشتا ژمارەیەك لە قوربانییان لەژێر داروپەردووەكاندا ماونەتەوە و ناتوانرێت دەربهێنرێنەوە.
بەپێی ئامارە گشتییەكە شەهیدانی سیاسەتی برسییكردنیش بۆ 463 كەس بەرز بووەتەوە كە 157یان منداڵن، 185یان دوای ڕاگەیاندنی دۆخی برسێتی لە كەرتەكە لە 22ی ئابەوە تۆمار كراوە، لەو ژمارەیەیش 42یان منداڵن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە