3 کاتژمێر پێش ئێستا
62 جار خوێنراوەتەوە
بە سەرۆكایەتیی سیسى و ترەمپ لوتكەی ئاشتى بۆ واژووكردنی ڕێككەوتنی غـ.ەززە بەڕێوەدەچێت
پەیام
سەرۆك و شاندی وڵاتانی جیهان یە لە دوای یەك دەگەنە شاری شەرم شێخی میسڕ بۆ بەشداری لە لوتكەی ئاشتی و واژووكردنی ڕێككەوتن و ئاگربەستی كەرتی غەززە.
بڕیارە ئەمشەو لوتكەی شەرم شێخ بە سەرۆكایەتیی هاوبەشی هەریەك لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسڕ و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەڕێوە بچێت و ئامانجی كۆتاییهێنانە بە جەنگی سەر كەرتی غەززە و بەرەوپێشبردنی هەوڵەكانی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە نێو ئەو سەرۆكانەی گەیشتوونەتە شەرم شێخ هەریەك لە سەرۆكی فەرەنسا، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا، سەرۆكی توركیا، سەۆكوەزیرانی پاكستان، میری قەتەر، شای ئەردەن و سەرۆكوەزیرانی عێراق و ژمارەیەك سەرۆك و نوێنەری دیكە هەن.
بڕیارە لە لوتكەكەدا زیاتر لە 31 وڵات و ڕێكخراوی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەشداربن و ئامادەی واژووكردنی ڕێككەوتنەكە بكەن، ئەمەش بە ئامانجی بەدیهێنانی دڵنیایی نێودەوڵەتی بۆ دووبارە نەبوونەوەی جەنگی سەر غەززە.
لوتكەكە دوای ئەوە ئەنجام دەدرێت، كە ڕێككەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەكان و ئاگربەست لە نێوان قەوارەی زایۆنی و بزووتنەوەی بەرەنگاریی ئیسلامی "حەماس" بە نێوەندگیریی ئەمریكا و بە بەشداریی توركیا و میسر و قەتەر ئەنجام درا.
ڕێككەوتنەكە ڕاگرتنی جەنگ بە شێوەی هەمیشەیی، ئاڵوگۆڕی دیلەكان، گەیشتنی هاوكاریی بە خەڵكی غەززە و بەڕێوەبردنی كەرتی غەززە لەلایەن پێكهاتەیەكی فەڵەستینییەوە لەخۆ دەگرێت. هەروەها لە لوتكەكەدا باس لە ئامادەكاری بۆ قۆناغی نوێ و ئاوەدانكردنەوەی غەززە دەكرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سەركردەی 20 وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی و ئەوورپی لە لووتكەی شەرم شێخ لە وڵاتی میسر، بەشدار دەبن لە ڕێوڕەسمی واژووكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەستی غەززە، كە بڕیارە بەم ڕێككەوتنە چیتر كۆتایی بە شەڕ بهێنرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە