12 کاتژمێر پێش ئێستا
83 جار خوێنراوەتەوە
بەشێک لە دیلە ئیسرائیلییەکان ئازادكران ئامادەکاریش بۆ ڕادەستکردنى بەشەکەى دیکەیان بەردەوامە
پەیام
دوای چوار ڕۆژ لە رێكەوتنی ئاگربەست و هەروەها 735 رۆژ جەنگ، بزووتنەوەی حەماس بەشێك لە دیلەكانی ڕادەستی مانگی سووری نێودەوڵەتی كرد و ئەو ڕێكخراوەش ڕادەستی سوپای قەوارەی داگیركەری زایۆنی كرد.
بەشێك لە دیلەكان بە دوو كاروان و لە سێ شوێنی جیاوازی كەرتی غەززەوە ڕادەستی مانگی سووری نێودەوڵەتی كران، بەشێكی دیكەشیان ماوە و حەماس سەرقاڵی رادەست كردنیانە بە مانگی سووری نێودەوڵەتی.
هەروەها جیاواز لە ڕابردوو، ئەمجارە بزووتنەوەی حەماس هیچ مەڕاسیمێكی بۆ ئازادكردنی دیلەكان ئەنجام نەدا و پابەند بوو بەو خاڵەی كە ڕێكەوتنی لەسەر كرابوو.
حەماس سەرەتا حەوت دیلی زایۆنی ڕادەست كرد و دواتریش ژمارەیەكی دیكەی لە دوو شوێنی جیاوازەوە ڕادەستی مانگی سوور كرد، كاروانی كۆتایی دیلەكانیش ماون و مانگی سوور سەرقاڵی وەرگرتنیانە، دواتریش ڕەوانەی بنكەی سەربازی ریعیم لە نزیك كەرتی غەززە دەكرێن و ڕادەستی سوپای زایۆنی دەكرێنەوە.
دوای ئازادكردنی دیلەكانیش، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، پێشتر و چەندین مانگ پێش ئێستا دەكرا قەوارەی زایۆنی دەیتوانی دیلەكان وەربگرێتەوە، بەڵام ئەو جەنگی هەڵبژارد و بەو ڕێگایەش نەیتوانی دیلەكانی بگەڕێنێتەوە.
حەماس راشیگەیاند، ئەوان بە هەموو توانایانە و بەگیانی خۆیان پارێزگارییان لە دیلەكان كردووە، بەڵام قەوارەی زایۆنی بە خراپترین و دڕندانەترین شێوە و دوور لە هەستی مرۆڤایەتی مامەڵەی لەگەڵ دەستگیركراوە فەلەستینییەكان كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە