 
        
           
         
            
            9 کاتژمێر پێش ئێستا
            400 جار خوێنراوەتەوە
        
        
        ئەفغانستان و پاكستان لەسەر بەردەوامیی ئاگربەست ڕێككەوتن
            
                پەیام 
 بەپێی ڕاگەیەنراوێكی هاوبەش، دوای دانوستانی چڕوپڕ لە ڕۆژانی 18 و 19 ی ئەم مانگە لە دەوحە و 25 و 30ی ئەم مانگە لە ئیستەنبوڵ، هەر یەك لە ئەفغانستان و پاكستان بە نێوەندگیریی توركیا و قەتەر، ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی بەردەوامی بە ئاگربەستی نێوانیان بدەن.
ڕاگەیەنراوەكە وەزارەتی دەرەوەی توركیا بڵاویكردووەتەوە و تیایدا هاتووە: گرنگە خاڵەكانی ڕێككەوتن و ئاگربەست وەك خۆی جێبەجێ بكرێن و ڕاوێژ لەوبارەوە بەردەوام بێت، لەو چوارچێوەیەدا هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی باڵا لەنێوان كابوڵ و ئیسلامئاباد، لە توركیا ساز دەكرێت.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: ڕێكارێك دادەنرێت بۆ شێوازی چاودێریكردن و بەدواداچوونی ئاگربەست بۆ ئەوەی هەردوولا دڵنیا بن لە بەردەوامیی ئاشتی، هەر لایەنێكیش ڕێككەوتنی شكاند پێویستە سزا بدرێت.
جێی باسە دوای چەند ڕووبەڕووبوونەوە و پێكدادانێك لە نێوان سوپای پاكستان و ئەفغانستاندا، ناوەڕاستی ئەم مانگە هەردوو وڵات ئاگربەستیان ڕاگەیاند و دواتریش بە مەبەستی بەردەوامیی ئاگربەست دەستیان بە دانوستان كرد.
           
            
               
            
           
            
                لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە