4 کاتژمێر پێش ئێستا
88 جار خوێنراوەتەوە
نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لێكۆڵینەوە لە كۆمەڵكوژی و دەستدرێژیی بەكۆمەڵ لە سوودان دەكات
پەیام
نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە و سەربەخۆ لە ڕەشەكوژی و تاوانەكان لە شاری فاشر لە سوودان دەكات.
سەیف ماگانگۆ، وتەبێژی كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ داوای كرد، لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ و خێرا و شەفاف لە كۆمەڵكوژییەكانی شاری فاشر، پایتەختی هەرێمى دارفوور لە سوودان بكرێت.
ماگانگۆ ئاماژەی بەوە دا "دوای كۆنترۆڵكردنی شاری فاشر لەلایەن هێزەكانی پشتیوانیی خێراوە لە 23ی ئەم مانگەدا، ڕاپۆرتی ڕووداوی سامناكی وەك كۆمەڵكوژیی و دەستدرێژی و ڕفاندن و بەزۆركۆچپێكردن و تاڵانی، بەدەست گەیشتووە". ڕاشیگەیاندووە: ژمارەی كوژراوان بەهۆی هێرشی هێزەكانی پشتیوانیی خێراوە بۆ سەر شاری فاشر دەگاتە سەدان كەس.
وتەبێژەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاشیگەیاندووە: چەندین گرتە ڤیدیۆیی و وێنەی دیكەمان بەدەست گەیشتووە كە شۆكهێنەرن و تیایاندا پێشێلكاریی گەورەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای مافی مرۆڤ بەدی دەكرێت بەتایبەت ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە نەخۆشخانەكان.
ماگانگۆ دەڵێت: كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكان پێیان وتین لانی كەم لە كاتی چوونە ناو كەمپێكی ئاوارەكانەوە لە نزیك زانكۆی فاشر لانی كەم 25 ئافرەت دەستدرێژیان كراوەتە سەر.
جێی باسە لە نیسانی ساڵی 2023ـەوە شەڕی ناوخۆی سوودان سەریهەڵداوە و بەو هۆیەوە مەرگەسات و برسێتیی و قەیرانی سەختی مرۆیی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، تا ئێستا هەزاران كەس كوژراون و نزیكەی 13 ملیۆن كەسیش ئاوارە بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە