3 کاتژمێر پێش ئێستا
146 جار خوێنراوەتەوە
عێراق.. زیاتر لە 100 سکاڵا تۆمارکراون و کۆمسیۆن دەستى بە پۆلێنكردنیان كردووە
پەیام
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕایگەیاند ژمارەی سكاڵا تۆماركراوەكان لە ڕۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا گەیشتووەتە 102 سكاڵا و دەستیان بە پۆلێنكردنی سکاڵاکان كردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆمسیۆنەكە، ژمارەی سكاڵاكانی دەنگدانی گشتی 59 سكاڵا بووە، لەكاتێكدا ژمارەی سكاڵاكانی دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە 43 سكاڵا.
ئاماژەی بەوەش كردووە، بەشی سكاڵا و تانەكان دەستی بە پۆلێنكردنیان كردووە و زۆربەیان سكاڵای زەردن و كەمێكیان سەوزن.
ڕاگەیەندراوەكە ڕوونی كردووەتەوە، سكاڵا زەردەكان ئەوانەن كە مەرجە شێوەیی و بابەتییەكانیان تێدا نییە، بۆیە پێویستە لە سەرەتاوە ڕەت بكرێنەوە، بەڵام سكاڵا سەوزەكان ئەوانەن كە گوایە پێشێلكاری لەلایەن كارمەندانی كۆمسیۆنەوە كراوە، یان بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڕۆژی دەنگداندا هەبووە، یان سەرپێچییەك لە ڕێنماییەكان لەلایەن یەكێك لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانەوە تۆمار كراوە.
رۆژى 11ى 11ى 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، تێیدا 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، هەروەها حەوت هەزار و 768 كاندید لە 18 پارێزگای عێڕاق ڕكابەری یەكتریان کرد بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی ئەنجوومەنەكە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە