3 کاتژمێر پێش ئێستا
253 جار خوێنراوەتەوە
سعودیە.. لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا 45 عومرەكاری هیندستان گیانیانلەدەستدا
پەیام
پاسێكی عومرەكاران لە شاری مەدینەی پیرۆز تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و، 45 عومرەكاری خەڵكی هیندستان گیانیان لەدەست دا.
بەرپرسی پۆلیسی حەیدەر ئاباد لە هیندستان ڕایگەیاند، پاسێكی عومرەكارانی خەڵكی ویلایەتەكەیان لە شاری مەدینە لە رۆژئاوای شانشینی عەرەبیی سعودییە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و لە كۆی 46 عومرەكاری سەرنشینی پاسەكە 45 یان گیانیان لەدەست داوە و ئەوی دیكەش بریندار بووە.
ئەو بەرپرسە ئەوەشی وتووە، ژمارەی عومرەكاران 54 كەس بوون بەڵام هەشت كەسیان بە جیا لە مەككەوە بەرەو مەدینە گەشتیان كردووە و لەناو پاسەكەدا نەبوون.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی سعودییە هیچ ڕأگەیەنراوێكی فەرمییان لەبارەی ڕووداوەكە و قوربانییەكانەوە بڵاو نەكردووەتەوە بەڵام میدیاكانی نیودەلهی دەڵێن ڕووداوەكە لە پێكدادانی پاسی عومرەكاران و بارهەڵگرێكی نەوتدا ڕوویداوە.
هاوكات ناریندرا مۆدی، سەرۆكوەزیرانی هیندستان سەرەخۆشیی لە كەسوكاری قوربانیان كرد. داوای لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە ڕیاز و كونسوڵگەریی هیندستان لە جەددە كرد بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكە بكەن و هاوكاری پێشكەش بە قوربانیان و كەسوكاریان بكەن.
وەزیری دەرەوەی هیندستانیش ڕایگەیاند بەهۆی ڕووداوەكەوە شۆك بووە و ژوورێكی ئۆپراسیۆنیان لە كونسوڵخانەی جەددە دروست كردووە بۆ بەدواداچونی ڕووداوەكە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە