2 کاتژمێر پێش ئێستا
127 جار خوێنراوەتەوە
بەنگلادیش.. سزای لەسێدارەدان بۆ سەرۆكوەزیرانی پێشوو دەركرا
پەیام
بە تۆمەتی سەركوتكردنی خۆپیشاندان، دادگای تاوانەكان لە بەنگلادیش بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ سەرۆكوەزیرانی پێشووی وڵات دەركرد.
شێخە حسێنە، سەرۆكوەزیرانی پێشووی بەنگلادیش لەلایەن دادگای تاوانە گەورەكانی وڵاتەكەیەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەركرا، بە تۆمەتی سەركوتكردنی خۆپیشاندانی قوتابیانی بەنگلادیش.
دادگا شێخە حسێنەی تۆمەتبار كردووە بە بڕیاردان بە سەركوتكردنی خۆپیشاندانی قوتابیان لە ساڵی 2024 كە تێیدا هەزار و 400 قوتابی خۆپیشاندەر كوژران و نزیكەی 14 هەزار كەسی دیكەش برینداربوون، كە دواتر هەمان خۆپیشاندان درێژەی كێشا و خودی سەرۆكوەزیران دەستی لەكاركێشایەوە و وڵاتی جێهێشت.
لەگەڵ سزای لە سێدارەدان بۆ سەرۆكوەزیرانی پێشوو، دادگای بەنگلادیش سزای پێنج ساڵ زیندانیكردنی بۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری داكا دەركرد كە ڕۆڵی هەبووە لە سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2024.
لە كاردانەوەی بڕیاری دادگا، شێخە حوسێنە، ڕایگەیاند، بڕیاری دادگا نایاساییە و لەلایەن حكومەتێكەوە دەرچووە كە هەڵبژێدراو نیە، هەروەها شێخە حوسێنە وتیشی، پرۆسەی دادبینییەكە ڕووكەشی بووە و پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو.
شێخە حوسێنە، بۆ ماوەی 20 ساڵ سەرۆكوەزیرانی بەنگلادیش بوو، 23ـی تەمووزی 2024 ناچار بە دەست لەكاركێشانەوە كرا و بە هەلیكۆپتەرێكی سەربازی وڵاتی جێهێشت، لەماوەی سەرۆكایەتیكردنی وڵاتەكەیشیدا 19 جار لە هەوڵی كوشتن ڕزگاری بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە