3 کاتژمێر پێش ئێستا
111 جار خوێنراوەتەوە
گەرمیان.. شەڕ لەسەر زەویوزار لەنێوان دوو بنەماڵەدا 11 كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە
پەیام
لەسەر كێشەی زەویوزار شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەی گەرمیان ڕوویدا و، بەهۆیەوە 11 كەس بوون بە قوربانی.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لەسەر ڕێگای گوندی خاڵە بەگ لە سنووری قەزای ڕزگاری ئیدارەی گەرمیان، كێشەیەكی كۆنی زەوی و زار لەنێوان دوو لایەندا كە خزمی یەكترن، پەرەی سەند و بووەتە هۆی دروستبوونی شەڕ و تەقەكردنێكی خوێناوی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا چوار كەس لە یەك لایەن گیانیان لەدەستداوە، كە سێیان بران و ئەوی تریان ئامۆزایانە، هەروەها، لە هەمان تەرەف برایەكی دیكەی سێ كوژراوەكە بریندار بووە.
لە لایەنی بەرانبەری شەڕەكەشدا، شەش كەسی دیكە برینداربوون، بەوەش كۆی گشتی بریندارەكان گەیشتووەتە حەوت كەس، پۆلیس ئاماژەی بەوە كردووە، كە بەهۆی سەختیی برینەكانیانەوە، شەش لە بریندارەكان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی كراون.
پۆلیسی گەرمیان دەشڵێت، لە ئێستادا بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە، پەڕاوی یاسایی بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و سەرجەم هێزە ئەمنییەكان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا و دەستگیركردنی تۆمەتباران.
پۆلیسی گەرمیان جەختی كردەوە، كە لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەك لە ڕەوتی لێكۆڵینەوەدا، ڕای گشتی لە وردەكارییە نوێیەكان ئاگادار دەكەنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە