19/12/2025
376 جار خوێنراوەتەوە
ئەفسەرێکى پۆلیسى کەرکووک کوژرا و دواتر بکوژەکەى دەستگیرکرا
پەیام
لە ڕووداوێكی تەقەكردندا لە كەركووك بەڕێوەبەری پێشووی بنكەی پۆلیسی عەرەفە كوژرا و تەقەكەرەكەیش دەستگیر كرا.
ئەمڕۆ لە باكووری پارێزگای كەركووك عەقید زەید عادل سەبیح جەرجیس كە لە پێكهاتەی مەسیحی بووە و لە ڕابردوودا وەك بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی عەرەفە و چەند پۆستێكی دیكەی ئەمنی خزمەتی كردووە، لەلایەن چەكدارێكی نەناسراوە دەستڕێژی گوللەی لێ كرا و بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو گرتە زیدیۆییەی كە لە كامێرای چاودێرییەوە تۆمار كراوە، ئەو ئەفسەرە لە بەردەم ماڵەكەیدا دەپێكرێت و بەچەند گوللەیەك بەر بەشی سەرەوەی جەستەی دەكەوێت و پاشان تەقەكەرەكە بەجێی دەهێڵێت و عەقیدە پێكراوەكەیش شوێنی ڕووداوەكە بە برینداری و بە ڕاكردن بەجێدەهێڵێت.
بەپێی زانیاری سەرچاوە پزیشكییەكان ئەفسەرەكە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست داوە.
هاوكات پۆلیسی كەركووك دوای كوژرانی ئەفەسەرەكەی ڕاگەیاند و ئاشكراشیكرد كە شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی كە هێرشەكەی پێ ئەنجام دراوە بە كوژراوی لە ڕێگەی تازە ـ كەركووك دۆزراوەوە تەوە و دواتریش دەستگیركردنی تەقەكەرەكەی ڕاگەیاند و لە ئێستادا لایان دەستبەسەرە.
لای خۆیەوە عەبدولائەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ تاوانەكە ڕاگەیاند بۆ بەدواچوونی ئەو كەسانەی كە هێرشەكەیان ئەنجامداوە یان لە پشت ڕووداوەكەوە بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە