13 کاتژمێر پێش ئێستا
271 جار خوێنراوەتەوە
خامنەیی: خۆپیشاندەران بۆ دڵخۆشكردنی ترەمپ زیان بە وڵاتەكەی خۆیان دەگەیەنن
پەیام
خامنەیی جارێكی دیكە خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێر ناو دەبات و دەڵێت بۆ دڵخۆشكردنی سەرۆككۆماری ئەمریكا كە دەستی بە خوێنی ئێرانییەكان سوورە، زیان بە وڵاتەكەیان دەگەیەنن.
لە نوێترین وتەیدا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران باسی لە ناڕەزایی و خۆشاندانەكانی وڵاتەكەی كردەوە و ڕایگەیاند كە شەوی ڕابردوو كۆمەڵێك خۆپیشاندەر كە بە خراپەكار و كەسانی زیانبەخش ناوی بردن، بۆ دڵخۆشكردنی سەرۆككۆماری ئەمریكا باڵەخانەی وڵاتەكەی خۆیان لە تاران و ناوچەكانی دیكە زیانپێگەیاندووە.
خامنەیی هۆكاری ئاڵۆزییەكانی بۆ وتەیەكی ترەمپ گەڕاندەوە، كە بەڵێنی پشتگرتنی خۆپیشاندەرانی دابوو و جەختیشی لەوە كردەوە كۆماری ئیسلامی بە خوێنی چەند سەد هەزار كەس هاتووەتەسەر كار و بەرانبەر كەسانێك كە خراپەكاری دەكەن دەستەوسان نابێت.
لە میانی وتەكانیدا خامنەیی باسی لە ترەمپ كرد و وتی "ئەو دەستی بە خوێنی زیاتر لە هەزار ئێرانی سوورە و جگە لە بەرپرسان و زانایان، خۆیشی دانی بەوەدا ناوە، ئێستا دەڵێت لایەنگری خەڵكی ئێرانە و خەڵكانێكی بیئەزموون و بێئاگا بە بێ بیركردنەوە باوەڕ دەكەن و بەپێی خواستی ئەو دەجوڵێنەوە".
بە ئاماژەدان بە خودی ترەمپ، خامنەیی وتی با بزانێت كە وەك چۆن زلهێزانی دونیا وەك فیرعەون و نەمرود و ڕەزاخان و محەمەدڕەزا لەو پەڕی دەسەڵاتدا تیاچوون، ئەویش بەو شێوەیە لەناو دەچێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە