15 کاتژمێر پێش ئێستا
179 جار خوێنراوەتەوە
سوپا كۆنترۆڵكردنی گەڕەكی شێخ مەقسوودی ڕاگەیاند و هەسەدە ڕەتی دەكاتەوە
پەیام
سوپای سووریا كۆنترۆڵكردنی تەواوتی گەڕەكی شێخ مەقسودی كوردنشینی لە حەلەب ڕاگەیاند و میدیای نزیك لە هەسەدەیش ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێت "شەڕ بەردەوامە".
دوای دەستپێكردنەوەی پێكدادانەكان لە گەڕەكە كوردشینەكەی حەلەب، لە كاتژمێرەكانی ڕابردووی ئەمڕۆدا ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) لە زاری سوپای وڵاتەكەوە بڵاوی كردەوە كە ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی گەڕەكی شێخ مەقسود بە شێوەیەكی تەواوەتی كۆتایی پێهاتووە و گەڕەكە كوردنشینەكە كەوتووەتە دەستی سوپای حكومەتی كاتی.
بەڵام سەرچاوە میدیاییەكانی نزیك لە هەسەدە دەنگۆكانی حكومەتی كاتی ڕەت دەكەنەوە و ئاماژەیان بەوە كردووەوە شەڕ لە نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و سوپای حكومەتی كاتی بەردەوامە و دەڵێن هێشتا دەنگی تەقینەوە لە ناوچەكە دەبیسرێت و بەرگریی هەیە.
باس لەوەیش دەكەن میدیاكانی سەر بە حكومەتی سووریا ئەو دەنگۆیانە بۆ پەردەپۆشكردنی كۆمەڵكوژییەكانیان ئەو دەنگۆیانە بڵاو دەكەنەوە.
هاوكات سانا ئەوەی بڵاو كردووەتەوە كە ژمارەیەك لە چەكدارانی هەسەدە لە شێخ مەقسوود دەستگیر كراون و دەست گیراوە بەسەر چەكە قورس و مامناوەندەكاندا.
هەوەرها داوای لە خەڵكەكە كردووە لە ماڵەكانیان بمێننەوە بەوپێیەی هێشتا چەكدارانی هەسەدە لە ناوچەكە بوونیان هەیە.
لای خۆیەوە تۆم باراك نێردەی ئەمریكا لە سووریا پابەندی وڵاتەكەی بە پشتویانی ئاگربەستی حەلەب و پێدانی گرەنتی بۆ پاراستنی كشانەوەی چەكدارانی هەسەدە دووپات كردەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕۆژی هەینی دەستەی ئۆپراسیۆنەكانی سوپای سووریا داوای لە چەكدارانی هەسەدە كرد گەڕەكە كوردنشینەكان چۆڵبكەن و پاسی بۆ گواستنەوەیان بەرەو باكووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكە ئامادە كرد بەڵام ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕەتیان كردەوە، ئەمشەویش دوای جەنگێكی قورس كۆنترۆَڵكردنی گەڕەكی شێخ مەقسوود ڕاگەیەنرا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە