14 کاتژمێر پێش ئێستا
424 جار خوێنراوەتەوە
نێردەی ئەمریكا داوا لە سووریا و هەسەدە دەكات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتووگۆ
پەیام
تۆم باراك نێردەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ سووریا لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی "ئێكس" ئاشكرایكرد: بە نوێنەرایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ماركۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوە، بە مەبەستی تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی حەلەب و نەخشەڕێگەی هەنگاونان بەرەو قۆناغی مێژوویی ڕاگوزەر لە سووریادا لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆكی سووریا، وەزیری دەرەوە و ئەندامانی تیمی حكومەت كۆبوومەوە.
تۆم باراك ڕایشیگەیاند: پێشهاتەكانی ئەم دواییەی حەلەب، كە وا دەردەكەوێت پێچەوانەی بەندەكانی ڕێككەوتنەكان بن، جێگەی نیگەرانیی قووڵن، داوای لە هەموو لایەنەكانیش كرد دان بەخۆیاندا بگرن، دەستبەجێ هێرشەكانیان ڕابگرن و بەپێی هەردوو ڕێككەوتنی 10ی ئازار و یەكی نیسانی 2025 كە لە نێوان حكومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكراتدا واژۆ كراون، بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
نێردەكەی ئەمریكا جەختیشی كردەوە: تیمەكەی وەزیر ڕۆبیۆ لەپێناو دروستكردنی پەیوەندییەكی بنیاتنەرانە لە نێوان حكومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات ئامادەیە ئاسانكاریی بكات، ئەوەش بە مەبەستی پێشخستنی پرۆسەی تێكەڵكردنی گشتگیر و بەرپرسیارانە، بە شێوەیەك ڕێز لە یەكپارچەیی خاكی سووریا بگیرێت، پرەنسیپی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری بچەسپێنێت و پشتیوانی لە ئامانجی هەبوونی سوپایەكی نیشتمانیی شەرعیی یەكگرتوو بكات.
باراك داواشی لە وڵاتانی دراوسێی سووریا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد پشتیوانی لەو دیدگایە بكەن و هاوكاریی پێویست بۆ گۆڕینی ئەم دیدگایە بۆ واقیعێكی بەرجەستە پێشكەش بكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە