2 کاتژمێر پێش ئێستا
84 جار خوێنراوەتەوە
عێراق: سنوورەكانمان لەگەڵ سووریا پارێزراون و حەوت جۆر بەربەست جێگیركراون
پەیام
عێراق ڕایگەیاند سنوورەكانی لەگەڵ سووریا بە تەواوی پارێزراون و حەوت جۆر بەربەست و فڕۆكەی لێزەری و سێ هێڵی بەرگری بۆ ڕێگری لە دزەكردن جێگیر كراون.
ئەمڕۆ لە لێدوانێكیدا عەباس بەهادلی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: "هێزەكانی پاسەوانی سنوور لە ئامادەباشییەكی بەرزدان، و سنوورە هاوبەشەكان لەگەڵ سووریا كە درێژییەكەی 618 كیلۆمەترە، بە تەواوی تۆكمە كراوە.
بەهادلی ڕوونی كردەوە كە لە سێ ساڵی ڕابردووەوە پلانێكی پێشوەختە داڕێژراوە كە تەنها پشت بە هێزی مرۆیی نابەستێت، بەڵكو كۆمەڵێك ڕێكاری ئەندازیاری وەك: هەڵكەندنی خەندەق، دروستكردنی بەربەستی خۆڵی، تەلبەندكردن، دانانی قولەی كۆنكرێتی و دیوارە چیمەنتۆییەكان جێبەجێ كراون.
هەروەها تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی وەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لێزەری و كامێرای چاودێری شەو و ڕۆژ بەكار دەهێنرێن كە ڕاستەوخۆ وێنەكان بۆ ناوەندی فەرماندەیی دەگوازنەوە.
سەبارەت بە بڵاوەپێكردنی هێزەكان، وتەبێژەكە ئاشكرای كرد، كە پاراستنی سنوور لەسەر سێ هێڵ ڕێكخراوە؛ هێڵی یەكەم هێزەكانی پاسەوانی سنوور، هێڵی دووەم سوپای عێراق و هێڵی سێیەمیش هێزەكانی حەشدی شەعبین. لە كۆتاییدا جەختی كردەوە كە هەماهەنگییەكی باڵا لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و دەزگا هەواڵگرییەكان هەیە بۆ ڕێگری لە هەر هەوڵێكی دزەكردن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە