2 کاتژمێر پێش ئێستا
59 جار خوێنراوەتەوە
ڕووسیا: دەسەڵاتدارانی سووریا دەستیان لە داوای دادگاییكردنی ئەسەد هەڵگرتووە
پەیام
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت لە زووەوە دادگاییكردنی بەشار ئەسەد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باس نەكراوە و دەسەڵاتدارانی نوێی سووریاش بە تەواوی دەستیان لەم دۆسیەیە هەڵگرتووە.
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ میدیای توركیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی بەشار ئەسەد، سەرۆكی ڕژێمی پێشووی سووریا و خێزانەكەیەوە كە ئێستا لە مۆسكۆن، ڕایگەیاند: بابەتی دادگاییكردنی بەشار ئەسەد ماوەیەكی زۆرە باس ناكرێت و گفتوگۆی لەسەر ناكرێت.
لاڤرۆڤ دەڵێت: لە كۆتایی ساڵی 2024 دۆخی سووریا ئاڵۆز بوو، شەڕ لەناو شارەكاندا هەبوو، خەڵك بە گشتی لە كاردانەوەی تونددا بوون، ژیانی ئەسەد هەڕەشە و مەترسیی ڕاستەقینەی لەسەربوو، هەربۆیە بە هۆكاری مرۆیی دەرفەتی پەنابردن بۆ ڕووسیای پێ درا و ئەویش دەرفەتەكەی قۆستەوە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختیشی كردەوە: بەشار ئەسەد هیچ ڕۆڵێكی نییە لە كاروباری سووریا و پەیوەندییەكانی نێوان دیمەشق و مۆسكۆ، هەروەها هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ڕووداوەكان نییە. هەروەها دەسەڵاتدارانی نوێی سووریاش بە تەواوی دەستیان لە دۆسیەی دادگاییكردن و گەڕاندنەوەی ئەسەد هەڵگرتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە