2 کاتژمێر پێش ئێستا
92 جار خوێنراوەتەوە
ئهنجومهنی وهزیران كۆ دهبێتهوه و باسی مووچهكانی ساڵی ڕابردوو ناكات
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و سێ تەوەر تاوتوێ دەکات بەڵام لە هیچیاندا باسی دوو مووچەکەى ساڵى 2025 ناکات.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیرانی ماوەبەسەرچوو کۆ ببێتەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمیى حکومەت، تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتییە لە: بابەتی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق کە لە ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 ئەنجام درا و بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بەفەرمی بە ڕێژەی لەسەدا 14 پۆینت 1 دەستنیشان کرا، ئەنجوومەنى وەزیران بەدواداچوون دەکات بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵی بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان،
تەوەری دووەم تایبەتە بە: پەسەندکردنی کۆنووسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق تایبەت بە یەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ دەزگای ناوبراو.
ئەنجوومەنى وەزیرانی ماوەبەسەرچوو ڕاشیگەیاندووە: لەسەر پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بە پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت، لە چوارچێوەی خەرجیی (النفقات الحاکمە) و چارەسەرکردنی پارەی کەڵەکەبووی پێشوو بۆ ساڵانی (2004-2022) گفتوگۆ دەکرێت.
ئەوەى جێی سەرنجە لە کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى وەزیراندا هیچ تەوەرێک تایبەت بە مووچەی مانگەکانى 11 و 12ى ساڵى ڕابردوو بوونی نییە، چارەنووسی ئەو دوو مووچەیە و داهاتى ناوخۆى هەرێم بۆ ئەو دوو مانگە تا ئێستاش نادیارە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە