2 کاتژمێر پێش ئێستا
131 جار خوێنراوەتەوە
چین هاوكاری ئێرانی كردووه بۆ بڕینی ئینتهرنێت لهكاتی خۆپیشاندانهكاندا
بەپێی ڕاپۆرتێکی بەریتانی، چین تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی چاودێری و بڕینی ئینتەرنێتی داوە بە ئێران و بەو جۆرە توانیویەتی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا سەرکەوتوو بێت لە بڕینی ئینتەرنێت لە تەواوی وڵاتەدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە کە ڕێکخراوی "ئارتیکڵ 19" مرۆیی بڵاوی کردووەتەوە، تاران سوودی لە سیستەمی "بایدو"ی چینی وەک جێگرەوەی جی پی ئێس و کامێرای پێشکەوتووی ناسینەوەی دەموچاو وەرگرتووە بۆ دروستکردنی دیوارێکی ئەمنی دیجیتاڵی، کە ئەم تەکنەلۆژیایە وایکردووە دەسەڵاتدارانی ئێران بتوانن لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا ئینتەرنێت لەسەر 93 ملیۆن هاوڵاتی ببڕن و تا ئێستاش خزمەتگوزارییەکان نەگەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی، ئەمەش وەک بەشێک لە پڕۆژەی "سەروەریی سایبەری" کە ساڵانێکە کاری لەسەر دەکەن.
ڕاپۆرتەکە ناوی چەند کۆمپانیایەکی چینیی ئاشکرا کردووە کە ئامێری فیلتەرکردنیان داوەتە ئێران، هاوکات کۆمپانیای "تیاندی" تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاوی بۆ سوپای پاسداران دابین کردووە.
ڕاپۆرتکە دەشڵێت: ئەم هاوکارییە کە لە ساڵی 2010ـەوە دەستی پێکردووە، ئامانجی دروستکردنی ئینتەرنێتێکی نیشتمانیی داخراوە بۆ ئەوەی دەوڵەت کۆنترۆڵی ڕەهای بەسەر زانیاری و جووڵەی هاوڵاتیاندا هەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە