1 کاتژمێر پێش ئێستا
129 جار خوێنراوەتەوە
لە توركیا و باكووری كوردستان ناوی قوتابییان بۆ هەڵبژاردنی وانەی كوردی تۆماردەکرێت
پەیام
لە توركیا و باكووری كوردستان وادەی تۆماركردنی ناوی قوتابیان بۆ هەڵبژاردنی وانەی كوردی بەشێوازی ئارەزوومەندانە دەستیپێكرد.
بەپێی نووسراوێك كە وەزارەتی پەروەردەی توركیا ئاڕاستەی قوتابخانەكانی كردووە، داوا لە بەڕێوەبەری خوێندنگەكان كراوە تاوەكو 20 ی ئەم مانگە داواكاریی خێزانەكان بۆ وانە بژاردەكانی پۆلەكانی 5 تا 8 وەربگرن. بۆ ئەوەی پەرتووكی پێویستیان بۆ دابین بكرێت.
بەپێی نووسراوەكە، ئەو خێزانانەی كە دەیانەوێت منداڵەكانیان وانەی كوردی بخوێنن بە شێوەزارەكانی (زازاكی یان كرمانجی) ئەوا پێویستە داواكاری پێشكەش بكەن. بۆ ئەوەی وانەكەش دابنرێت پێویستە لە هەر پۆلێكدا لانی كەم 10 قوتابی داوای بكەن.
ئەو فۆرمەی دەدرێتە خێزانەكان جگە لە زمانی كوردی، زمانەكانی عەرەبی، ئەڵمانی، فەرەنسی، لازی، گورجی، ئەلبانی، چەركەزی-ی تێدایە، هەروەها خێزانەكان دەتوانن وانەی (قورئانی پیرۆز، ژیانی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت) یان وانەی هونەری قسەكردن و نووسین، خوڕەوشت، مۆسیقا و شێوەكاری) وەك وانەی بژاردە هەڵبژێرن.
ساڵی ڕابردوو نزیكەی 60 هەزار قوتابی لە توركیا وانەی كوردیان بە هەردوو شێوەزارەكە هەڵبژارد و مامۆستا و پەرتووكی پێویستیان بۆ دابین كرا. پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ ژمارەی خوازیارانی وانەكە زیاتر بن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە