2 کاتژمێر پێش ئێستا
93 جار خوێنراوەتەوە
عێراق لەسەر لێدوانێکی هاکان فیدان باڵیۆزی ئەنقەرەی لە بەغداد بانگهێشت کرد
عێراق لەسەر لێدوانێکی هاکان فیدان ناڕەزایى دەربڕی و باڵیۆزی ئەنقەرەی لە بەغداد بانگهێشت کرد. حکومەتى تورکیاش دەڵێت میدیاکان لێدوانەکەیان بەلاڕێدا بردووە.
دواى ئەوەى وەزیرى دەرەوەى تورکیا ڕایگەیاند، پاش سووریا نۆرەی عێراقە و پێویستە کێشەى پەکەکە لە شەنگال بە هێز چارەسەر بکرێت، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزى ئەنقەرەی لە بەغداد بانگهێشت کرد و داواى ڕوونکردنەوەى لێ کرد.
بەپێی ڕأگەیەنراوی وەزارەتەکە، محەمەد حسێن بەحرولعلوم، بریکارى وەزارەتى دەرەوە ڕایگەیاندووە: ئەم لێدوانانە بێڕێزییکردنن بە پەیوەندیى دۆستانەى نێوان عێراق و تورکیا، هەروەها وەک دەستێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆى عێراق و پێشێلکردنی نەریتە دبلۆماسییەکان لێک دەدرێتەوە.
بریکارى وەزارەتی دەرەوەى عێراق ڕاشیگەیاندووە: دۆسیەی شەنگال و ناوچەکانى دیکەى عێراق پرسێکی تەواو نیشتمانییە و ڕێگە نادرێت هیچ لایەنێکی دەرەکی دەستێوەردانی تێدا بکات.
لە لایەکی دیکەوە و لە کاردانەوەی ئەم گرژییە دیپلۆماسییەدا، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ڕایگەیاند، لێدوانەکانی هاکان فیدان "بە وردی وەرگێڕانی بۆ نەکراوە" هەر بۆیە لێکتێگەیشتنی هەڵەی دروست کردووە.
ئەمشەویش وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەى تورکیا ڕایگەیاند: هەندێک لە میدیاکانى عێراق بەشێک لە لێدوانەکەى فیدانیان بەلاڕێدا بردوەوە.
ڕاشیگەیاند: جەخت لەوە دەکەینەوە هەوڵ دەدەین بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی بەرهەمدار لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا لەنێویشیاندا ئاسایش و دژایەتیى تیرۆر، ئەو لێدوانەش سەرنجڕاکێشانى هاکان فیدان بوو بۆ ئەو هەڕەشەیەی پەکەکە لەسەر یەکپارچەیى خاکی عێراق دروستی کردووە بەتایبەت بەهۆى هەبوونیان لە شەنگال و مەخموور و قەندیل.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە