2 کاتژمێر پێش ئێستا
102 جار خوێنراوەتەوە
سهركردهیهكی شیعهكان: له ئهگهری كشانهوهی مالیكی؛ سودانی تاكه كاندیده
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانییەکەى سوودانى دەڵێت، تا ئێستا نووری مالیکی تاکە کاندیدی شیعەکانە بۆ سەرۆکوەزیران، هەر جۆرە گۆڕانێکیش بێتە دی، ئەوە سوودانى تاکە جێگرەوەیە.
ئەحمەد فەتلاوی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە لەلایەن محەمەد شیاع سوودانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ڕایگەیاندووە: فراکسیۆنەکەیان پابەندە بە کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکومەتی داهاتوو، ئەمەش لە چوارچێوەى ڕوانینی فراکسیۆنەکەیاندایە بۆ گرنگیى پاراستنی سەقامگیری لە قۆناغى داهاتوودا.
ئەحمەد فەتلاوی دەڵێت: دیدگەى سیاسیى لەناوخۆى چوارچێوەى هەماهەنگی ڕوونە، نووری مالیکی کاندیدی فەرمییە، لە ئەگەری هاتنەپێشەوەى هەر گۆڕانکارییەکدا، ئەوا هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە جگە لە محەمەد شیاع سوودانى.
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاندووە: سوودانى کەسێکی پەسەندکراوە و لەلایەن زۆرینەی هێزەکانى چوارچێوەى هەماهەنگییەوە پشتیوانى دەکرێـت.
ئەم لێدوانە لە دۆخێکدایە، شیعەکانى عێراق نووری مالیکییان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کردووە بەڵام ئەمریکا بە فەرمی و لەسەر ئاستی دۆناڵد ترەمپ ئەم بژاردەیەی ڕەت کردووەتەوە و هۆشداریى ئەوەى داوە، ئەگەر مالیکی ببێتە سەرۆکوەزیران، هاوبەشیان لەگەڵ عێراق کۆتایى پێ دەهێنن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە