11 کاتژمێر پێش ئێستا
203 جار خوێنراوەتەوە
نرخی نەوت گەیشتە سەرووی ١٢٠ دۆلار
پەیام
نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ۲۹٪ گەیشتە ۱۱۹.٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمە گەورەترین بازدانی ڕۆژانەیە لە دوای نیسانی ۲۰۲۰ەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە بەردەوامی گرژییەکان لە ناوچەکە و نیمچە داخستنی گەرووی هورمز، کە بووەتە هۆی دروستبوونی ناجێگیریی لە بازاڕەکانی وزە و تێکچوونی هاوسەنگی نێوان خستنەڕوو و خواست.
هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ فراوانکردنی سنووری ململانێکان، بەرهەمهێنەرە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کوێت و ئیمارات، هاوشێوەی عێراق، دەستیان بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان کردووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی لە گەرووی هورمز، کۆگاکانی نەوت لەو وڵاتانەدا گەیشتوونەتە لێواری پڕبوون، ئەمەش وایکردووە گرێبەستەکانی نەوتی خاوی "وێست تێکساس"یش بە ڕێژەی ۳۱٪ بەرزبوونەوە تۆمار بکەن.
قەیرانی گەرووی هورمز چووەتە نۆیەم ڕۆژی خۆیەوە و تا ئێستاش هیچ نیشانەیەکی ڕوون بۆ چارەسەر بەدی ناکرێت، ئەمەش مەترسییەکی جدی لەسەر ئەو ڕێڕەوە دروستکردووە کە نزیکەی ۲۰٪ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
چاودێرانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی جیاوازی نرخی گرێبەستە کورتخایەنەکان نیشانەیەکی ڕوونی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوتە، کە ئەوەش ترسی وەبەرهێنەرانی لە پەککەوتنی زیاتری وزەی جیهانی زیاتر کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە