10 کاتژمێر پێش ئێستا
170 جار خوێنراوەتەوە
عێراق ئامادەكاری بۆ گرەنتی دابەشكردنی مووچە لە مانگەكانی داهاتوودا كردووە
پەیام
بانكی ناوەندیی عێراق دڵنیایی لە ئاستی یەدەگی دراوی بیانی وڵاتەكەی دەدات و ئامادەییش بۆ گرەنتی مووچە و خەرجییە گشتییەكان لە مانگەگانی داهاتوودا دەكات.
لە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجوومەنی كارگێڕیی بانكی ناوەندیی عێراقدا جەخت كرایەوە لەوەی عێراق خاوەنی سەرمایەیەكی گەورەی دارایی و یەدەگی بیانییە كە دەتوانێت ڕووبەڕووی هەر دۆخێكی لەناكاوی ئابووری، یان گۆڕانكارییەكی كتوپڕ ببێتەوە.
بانكی ناوەندی ڕایشیگەیاند: یەدەگی دراوی بیانی لە ئاستێكی "ئارام و بەهێزدایە" و بەشی پێداویستیی 12 مانگی هاوردەكردن دەكات، ئامادەكاریی تەواویشمان بۆ گرەنتیی دابەشكردنی مووچە و خەرجییە گشتییەكان لە مانگەكانی داهاتوودا كردووە.
بانكەكە ڕوونی كردەوە "ئەم یەدەگە، نەك تەنیا سەقامگیریی دراو دەپارێزێت، بەڵكو گەرەنتییەكی بەهێزە بۆ بەردەوامیی جووڵەی بازرگانی و دابینكردنی كاڵا، بەو پێیەی دەتوانێت بۆ ساڵێكی تەواو تێچووی هەموو هاوردەكردنەكانی وڵات دابین بكات".
لە كۆبوونەوەكەدا بانكی ناوەندیی عێراق چەند جێگرەوە و ڕێكارێكی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە بنەڕەتییەكانی دەوڵەت بەبێ پەككەوتن تاوتوێ كردووە و پابەندبوونی خۆیشی بۆ پاڵپشتیكردنی نەختینەی بانكەكان و دابینكردنی دراوی بیانی بۆ حەواڵەی دەرەكی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی كەرتی تایبەت، نیشان دا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە