3 کاتژمێر پێش ئێستا
134 جار خوێنراوەتەوە
كاروانی یەكەمی ئاوارەكانی عەفرین گەڕانەوە زێدی خۆیان و رۆژانى داهاتووش بەردەوام دەبێت
پەیام
نزیكەی 400 خێزانی خەڵكی عەفرین كە پێشتر لە پارێزگای حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێ بوون، لە ڕێگای 50 پاس گەڕێندرانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاوی كردووەتەوە، یەكەم كاروانی ئاوارەكان لە حەسەكەوە گەیشتوونەتەوە عەفرین، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی دیمەشق و هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" دێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان.
ئاژانسەكە باسی لەوەش كردووە كە شاندێكی سەرۆكایەتی كۆمار كە ئەركی چاودێریی ڕێككەوتنەكەی 29ی كانوونی دووەمی پێ سپێردرابوو، ئامادەبوو.
لەوبارەیەوە ئەحمەد هیلال، وتەبێژی شاندی سەرۆكایەتیی كۆماری سووریا ڕایگەیاند: 50 پاس و هەموو جۆرە پێویستییەكان ئامادە كراون و هێزە ئەمنییەكانیش ڕێگەكان دەپارێزن تا خێزانەكان دەگەنەوە عەفرین.
هاوكات نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەكە ڕایگەیاندووە گەڕانەوەی دانیشتووانی عەفرین بۆ شارەكەیان مایەی دڵخۆشییە. ڕاشیگەیاند: ئەم گەڕانەوەیە سەرەتای لاپەڕەیەكی نوێیە كە پڕە لە هیوا و سەقامگیریی.
لای خۆیەوە عەباس حوسێن، بەڕێوەبەری كاروباری سیاسی لە حەسەكە ئاشكرای كرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كاروانێكی دیكەی ئاوارەكان دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
ڕاشیگەیاند: لە سبەینێوە كار لەسەر پرسی زیندانییەكان دەست پێدەكات كە بڕیارە حكووتی سووریا و هەسەدە كۆمەڵێك دەستگیركراو ئازاد بكەن، پرۆسەكەش لە نێوان هەردوولا بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی زیندانەكان خاڵی دەبنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە